سلێمانی ـ INA
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران پێشوازیکرد لە وەفدێکی سەربازی ئەڵمانیا بە سەرۆکایەتی ڤۆلف ئەلێکساندەر هامپ، فەرماندەی هێزەکانی ئەڵمانیا لە عێراق و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا تاوتوێی چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە و چەند پرسێکی دیکەی جێی بایەخی هەردوولا کرا.
نووسینگهی راگهیاندنی جێگری سهرۆكی حكومهتی ههرێمی كوردستان لهراگهیهندراوێكدا كهبۆ ئاژانسی ههواڵی عێراقی ناردووه، راگهیاندووه" لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی سێ شەمە ( ٢٧ی شوباتی ٢٠٢٤) لە هەولێر بەڕێوەچوو و تیایدا بێنیامین هانا، جێگری کونسوڵی گشتی ئەڵمانیا لە هەرێم و دابان شەدەڵە، جێگری سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێم ئامادەی بوون، جێگری سەرۆک وەزیران سوپاسی هاوکارییە سەربازییەکانی ئەڵمانیای کرد بۆ هەرێمی کوردستان لە ماوەی ساڵانی رابردوودا و رایگەیاند: مەترسی تیرۆر هێشتا مەترسییەکی جدییە و گروپە تیروریستییەکان لە دەرفەتێک دەگەڕێن بۆ خۆڕێکخستنەوە و ناسەقامگیرکردنی ناوچەکە، بۆیە دەبێت هەموو کات لە هەماهەنگی و هاوکاریدا بین بۆ نەهێشتنی ئەو مەترسییانە.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باسی چۆنییەتی بەرەوپێشچوونی چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە کرا. لەمبارەیەشەوە قوباد تاڵەبانی جەختی کردەوە لەسەر بەردەوامبوونی پرۆسەی چاکسازی بەوجۆرەی کە پلانی بۆ دانراوە تا ئەو کاتەی هەرێمی کوردستان دەبێتە خاوەنی هێزێکی پیشەیی تۆکمە و راهێنراو.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا و بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی و چەند پرسێکی دیکە ئاڵوگۆڕی بیروڕا کرا.