دیداری "ژن و دیپلۆماسی" لە هەولێر بەڕێوەچوو

سیاسی
  • 23-02-2024, 13:24
  • +A -A

    هەولێر - INA
    بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان و بە بەشداری ژمارەیەك لە دیپلۆماتكارانی ژنی كورد و بیانی لە هەولێر دیداری "ژن و دیپلۆماسی" بەڕێوچوو.
    نوسینگەی راگەیاندنی قوباد تاڵەبانی لە راگەیەنراوێكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: لە دیدارەكەدا ژمارەیەك لە دیپلۆماتكارانی ژنی بیانی لە باڵوێزخانە و كۆنسوڵخانەكانی وڵاتان لەعێراق و هەرێمی كوردستان، هەروەها ژمارەیەك دیپلۆماتكاری ژنی كوردیش بەشداربوون، و باس لە رۆڵ و پێگەی ژنان لە بواری دیپلۆماسی كرا.
    هەر لە بەیاننامەكەدا هاتووە، كە جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان لە دیدارەكەدا باسی لە گرنگیی بەشداری ژنان كرد لە هەموو بوارەكاندا و لەناویشیاندا لە بواری دیپلۆماسیدا. بە ئاماژەدان بە چەندین نمونەی سەركەوتوو لە دیپلۆمەتكارانی ژن لەسەر ئاستی جیهان و ناوچەكەدا رایگەیاند ژنان سەلماندوویانە وەكچۆن لە زۆربەی بوارەكانیدیكە توانیویانە سەركەوتووبن، لە بواری دیپلۆماسیشدا دەتوانن سەركەوتووبن و خزمەتی بەرژەوەندییەكانی وڵاتەكانیان بكەن.
    بەیاننامەكە ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: هەر لەو دیدارەدا كە ژمارەیەك كچە خوێندكاری بەشی زانستە سیاسییەكان بەشداربوون، قوباد تاڵەبانی وتی: هەرچەندە بواری دیپلۆماسی بۆ ژنانی كورد بوارێكی نوێیە، بەڵام ژنانی كورد دەتوانن بە هەوڵ و ماندووبوونی زیاتر لەم بوارەشدا تواناكانی خۆیان بسەلمێنن. داواشیكرد ژنە دیپلۆماتكارەكانی كورد، كۆسپ و گرفتەكان ساردیان نەكاتەوە و بەردەوام بن لە پەرەپێدانی تواناكانی خۆیان، وەكچۆن ژنانی دیپلۆماتكاری وڵاتانی دیكە بە ماندووبوون و پێداگری زیاترەوە توانیویانە لە بواری دیپلۆماسیشدا سەركەوتنی گەورە بە دەست بهێنن.
    هەر لە دیدارەكەدا ژنە دیپلۆماتكارە بیانییەكانیش باسیان لە ئەزمونی بەشداری ژنان لە دیپلۆماسی وڵاتەكانی خۆیان كرد و ئاماژەیاندا بە كۆسپ و گرفتەكانی بەردەم دیپلۆماتكارانی ژن. خۆشحاڵی خۆشیان دەربڕی كە لە كوردستان دیدار و كۆبوونەوەی لەم شێوەیە دەبەسترێت و ستایشی هەوڵەكانی جێگری سەرۆك وەزیرانیان كرد لە پشتگیریكردنی ژنان بۆ بەشداریكردنی زیاتر لە بواری سیاسەت و دیپلۆماسیدا.