مەندەلاوی: رەوشی ناوچەكە داوای هاودەنگی و هاوكاریی زیاتری هەرێمی دەكات

سیاسی
  • 22-02-2024, 17:22
  • +A -A

    بەغداد  - INA
    ئەمڕۆ پێنجشەممە، سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران بە وەكالەت موحسین مەندەلاوی، تەئكیدیكردەوە: كە ئەو هەلومەرج و پێشهاتە لەڕادەبەدەر ناسك و مەترسیدارانەی لە ناوچەكەدا ڕوودەدەن، داوای هاودەنگی و هاوكاریی زیاتری هەرێمیی دەكەن بۆ بەرقەراركردنی ئاسایش و سەقامگیری لە كیشوەری ئاسیا.
    نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران بە وەكالەت لە بەیاننامەیەكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: سەرۆكی یەكێتی پەرلەمانی عەرەبی، سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران بە وەكالەت موحسین مەندەلاوی و شاندی پەرلەمانی یاوەری لەگەڵ (ساحبە غافاروڤا) سەرۆكی كۆمەڵەی پەرلەمانی ئاسیا، سەرۆكی ئەنجومەنی نیشتمانی ئازەربایجان، گفتووگۆیان كرد لەبارەی ڕێگاكانی باشكردنی هاوكاری نێوان پەرلەمان و حكومەتەكان و گەلانی ئاسیا.
    لەمیانی كۆبوونەوەكەدا كە لە پەراوێزی بەشداریكردن لە چواردەهەمین خولی دانیشتنی كۆمەڵەی پەرلەمانی ئاسیا بەڕێوەچوو، مەندەلاوی تەئكیدیكردەوە: ئەو هەلومەرج و پێشهاتە زۆر ناسك و مەترسیدارانەی كە لە ناوچەكەدا هەیە، داوای هاودەنگی و هاوكاریی زیاتری هەرێمی دەكەن بۆ بەرقەراركردنی ئاسایش و سەقامگیری لە كیشوەری ئاسیا، هەروەها پێویستی بە هەوڵی زۆر هەیە بۆ لابردنی ئەو ئاستەنگیانەی كە ڕێگرن لە دابینكردنی پێداویستییەكانی گەلانی كیشوەری ئاسیا.
    هەر لە بەیاننامەكەدا هاتووە، كە سەرۆكی شاندی پەرلەمانی عێراق پیرۆزبایی لە ئازەربایجان كرد بۆ سەرۆكایەتیكردنی كۆمەڵەی پەرلەمانی ئاسیا، هاوكات لەگەڵ غافاروڤا ڕێككەوتن لەسەر پێكهێنانی لیژنەیەكی هاوبەش بۆ كاراكردنی لیژنە دۆستایەتییەكانی نێوان هەردوو وڵات و كردنەوەی ناوەندە ڕۆشنبیرییەكان لە بەغدا و بەشێك لە پارێزگاكان، و جەختكردنەوە لەسەر پێویستی هاوكاری لە كۆمەڵێك بواردا بۆ بەدەستهێنانی بەرژەوەندی هاوبەش و ئاسانكاری بۆ ڕێكارەكانی پێدانی ڤیزا لە نێوان هەردوو وڵات.
    لە كۆتایی بەیاننامەكەدا هاتووە، كە مەندەلاوی بانگهێشتنامەیەكی وەرگرت بۆ بەشداریكردن لە كۆبوونەوەكانی تۆڕی پەرلەمانی بزووتنەوەی وڵاتانی بێلایەن.