هەولێر - INA
ئەمڕۆ پێنجشەممە ، مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان، لە دەفتەری یاداشتی مۆنۆمێنتی شەهیدان، لە هەڵەبجە یاداشتێكی نووسی ،كە جەختی لە خزمەتی كردنی هەڵەبحە دەكاتەوە.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی لە راگەیندراوێكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی نێردراوە تێیدا هاتووە:" ئەمڕۆ پێنجشەممە مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان گەیشتە پارێزگەی هەڵەبجە و لە یەكەم وێستگەی سەردانەكەیدا، سەردانی مۆنیۆمێنتی شەهیدانی هەڵەبجەی كرد و بەشەكانی مۆنیۆمێنتەكەی بەسەركردەوە و تاجە گوڵینەی لە بەردەم سیمبولی شەهیدانی هەڵەبجە دانا ".
هەر بەپێی راگەیندراوەكە مەسروور بارزانی لە یاداشتی مۆنۆمێنتەكە گوتەیەكی نووسی و ئاماژەی بەوە دا "شانازی دەكەم كە جارێكی تر سەردانی شاری هەڵەبجەی شەهید دەكەم، داوا لە خوای گەورە دەكەم گیانی شەهیدان بە بەهەشتی بەرین شاد بكات و بریندارەكانیش چاك بكاتەوە."
هەرەها سەرۆك وەزیرانی هەرێم نووسیویەتی، خزمەتكردنی هەڵەبجە بە ئەركی خۆمان دەزانین و پێویستە هەموومان هەوڵ بدەین تاوان بەرانبەر بە خەڵكی كوردستان دووبارە نەبێتەوە.