سه‌رۆكايه‌تى و حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانى عێراق كۆبوونه‌وه‌

سیاسی
  • 20-02-2024, 16:02
  • +A -A

    هه‌ولێرـINA
    ئەمڕۆ سێشه‌ممه‌، لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، شاندی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە ئامادەبوونی نوێنەری یۆنامی لەگەڵ کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانى عێراق کۆبوونەوە.
    ‏‎نووسینگه‌ی راگه‌یاندنی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم له‌راگه‌یه‌ندراوێكدا كه‌بۆ ئاژانسی هه‌واڵی عێراقی ناردووه‌، راگه‌یاندووه‌" مەبەستی کۆبوونەوەکە، تاوتوێکردنی هەنگاوەکانی ئامادەکاریی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بوو. سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئامادەیيی تەواویان بۆ ئاسانکاری و هاوکاریکردنی بەڕێوەچوونی پرۆسەکە بە شێوەیەکی شەفاف و پیشەییيانە دەربڕی.
    ‏‎لە کۆبوونەوەکەدا، کۆمسیۆن باسی ڕێکارە تەکنیکییەکان و دابەشکردنی کات بۆ هەنگاوەکانی ئەنجامدانی هەڵبژاردنیان لە چوارچێوەی کاتی بەردەستی یاسایيی تەمەنی کۆمسیۆندا خستە ڕوو، لە هەمان کاتدا نوێنەری یۆنامیش ئامادەیی نیشان دا کە هاوکاری هەموو هەنگاوەکان بن بۆ سەرکەوتنی پرۆسەی هەڵبژاردن.
    ‏‎له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا جه‌خت كرايه‌وه‌ كه‌ سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی هەرێمی کوردستان وەک ئەوەی لە ڕابردوودا هەنگاوی جدییان بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان هه‌ڵناوه‌ و ئەرکی ياساييى خۆیان بەجێ گەیاندووە، ئێستاش بە هەمان پەرۆشی و ڕژدييه‌وه‌ هەموو کارێکی پێویست ئەنجام دەدەن بۆ ئەوەی هەڵبژاردنێکی سەرکەوتوو لە هەرێمی کوردستان ئەنجام بدرێت.