سلێمانی - INA
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەشتوگوزاری سلێمانی راسپارد بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان ئاسانكاری تەواو بكەن بۆ وەبەرهێنەرانی كەرتی تایبەت تا هەرچی زووتر پرۆژە گەشتیارییەكانیان جێبەجێ بكەن.
ئەمڕۆ یەك شەمە 18ی شوباتی 2024 قوباد تاڵەبانی بە یاوەری ئەمەل جەلال سەرۆكی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەشتوگوزاری سلێمانی كرد، لە سەرەتای كۆبوونەوەكەدا پیرۆزبایی دەستبەكاربوونی لە خاتوو شاناز عامر بەدران وەك بەڕێوەبەری نوێی گەشتوگوزاری سلێمانی كرد و هیوای سەركەوتنی لە ئەركە نوێیەكەیدا بۆ خواست.
دواتر لە چۆنییەتی بەرەوپێشچوونی پڕۆژە گەشتیارییەكانی كۆڵییەوە و رایسپاردن لەگەڵ فەرمانگە و لایەنە پەیوەندیدارەكانی دیكە هەماهەنگی زیاتر بكەن بۆ ئاسانكاریكردنی تەواو بۆ وەبەرهێنەران تا هەرچی زووتر پڕۆژە گەشتیارییەكان جێبەجێ بكەن.
لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا جێگری سەرۆك وەزیران باسی لە گرنگیی پڕۆژەی گەشتوكاڵ كرد و ئاماژەی بەوەدا ئێستا پڕۆسەكە بۆتە پڕۆگرامی خوێندن لە زانكۆ و پەیمانگاكان و دەبێتە پالپشتێكی گرنگ بۆ بەرەوپێشبردنی هەردوو كەرتی گەشتیاری و كشتوكاڵ و دواجار وەك كەرتێكی نوێ دەبێتە هۆی زیاد كردنی سەرچاوەكانی داهات و رەخساندنی هەلی كاری زیاتر لە كەرتی تایبەتدا، داواشیكرد بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزار لەگەڵ وەزارەتی كشتوكاڵ هەماهەنگی تەواو بكەن بۆ سەرپێخستن و پەرەپێدانی ئەم كەرتە لە كوردستان.
دوای تەواوبوونی كۆبوونەوەكە، سەردانی زۆنە گەشتیارییەكانی سەرچناری كرد كە بڕیارە چەند پڕۆژەیەكی گرنگی گەشتیاری تێدا جێبەجێ بكرێت، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەشتوگوزاری راسپارد بە خێرایی ئاسانكاری تەواو بكەن بۆ وەبەرهێنەرانی پڕۆژە گەشتیارییەكانی سەرچنار تا هەرچی زووتر پڕۆژەكانیان جێبەجێ بكەن.
سەرۆك وەزیران سەردانی بریتانییه دەكات