بەغداد-INA
ئەمرۆ شەممە "محەممەد شیاع سودانی" سەرۆک وەزیران،جەختی لەسەر گرنگی بەشداریکردنی کۆمپانیا ئیتاڵییەکان لە پڕۆژەکانی گەشەپێدان لەگەڵ کەرتی تایبەتی عێراق کردەوە.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیران،لە ڕاگەیەندراوێکدا،کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) ناردوویەتی،تیایدا هاتووە :- ئەمرۆ "محەمەد شیاع سودانی"سەرۆک وەزیران،پێشوازی لە "لۆرێنزۆ ماریانی" بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای لیۆناردۆی ئیتاڵی کرد،کە تایبەتە بە سیستەمی زانیاری ئەمنی و بەرگری،لە پەراوێزی بەشداریکردنی لە کۆنفرانسی میونشن 2024 بۆ ئاسایش.
لە میانی دیدارەکەدا"سودانی" دووپاتی کردەوە لەسەر ویستی عێراق بۆ ئەوەی کۆمپانیا ئیتاڵیەکان بەشداری لە پڕۆژەکانی گەشەپێدان و هاوبەشی لەگەڵ کەرتی تایبەتی عێراق بکەن.
وەک ڕاگەیەندراوەکە ئاماژەی پێداوە:-هەر لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ کرا ، لەسەر چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی کۆمپانیاکە لەگەڵ عێراق،کە لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردووەوە ئەو کێشانە ماوەتەوە، هەروەك لە کۆبوونەوەکەدا پێداچوونەوە بە ڕێککەوتنی ئەم دواییە کرا،لەژێر چاودێری ئەو لیژنەیەی کە دوای سەردانەکەی سەرۆك وەزیرانی ئیتاڵیا پێکهێنرا بۆ بەغدا،کە پەیوەندیان بە کۆتاییهێنان بە پرسە یاساییەکانی قەرزە هەیە کە ئیتاڵیا قەرزداریەتی، هەروەها یەکلاییکردنەوەی هەر بەربەستێک لەبەردەم بەرژەوەندی کۆمپانیا ئیتاڵییەکان لە کارکردن لە عێراق، و بەشداریکردن لە پلانەکانی گەشەپێدان، و بەشداریکردن لە ئاوەدانکردنەوەی ژێرخانی ئابووری.