بەغداد-INA
ئەمڕۆ شەممە"محەممەد شیاع سودانی" سەرۆکوەزیران،بەئامادەبوونی "د.فوئاد حوسێن " جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوە ، لە میونشن پێشوازیکرد لە "کایا کاڵاس" سەرۆکوەزیرانی ئیستۆنیا،هەروەک ڕێککەوتن لەسەر ناردنی وەفدێکی تەکنیکی عێراقی بۆ ئیستۆنیا.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیران لە بەیاننامەیەکدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) ناردوویەتی،تیایدا راێگەیاندوە :- ئەمرۆ شەممە "محەممەد شیاع سودانی" سەرۆکوەزیران، پێشوازی لە "کایا کاڵاس" سەرۆکوەزیرانی ئیستۆنیا کرد و لە میانی کۆبوونەوەیەکدا پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە تاوتوێ کران،و ڕێگاکانی بەهێزکردن و پەرەپێدانی لە زۆر بواردا گفتوگۆی لەسەر کرا ، کە دیارترینیان هاوکاریە لە بواری تەکنەلۆژیای زانیاری و تەکنەلۆژیای زیرەکی دەستکرد و بەکارهێنانی لە پەرەپێدانی کەرتی کشتوکاڵدا، هەروەها لە بواری حکومەتی ئەلیکترۆنیدا، کە تیایدا ئیستۆنیا ئەزموون و شارەزایی پێشکەوتووی هەیە، کە ڕێککەوتن لەسەر ناردنی وەفدێکی تەکنیکی عێراقی بۆ ئیستۆنیا کراوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئەم مەلەفە گرنگە .
وەک بەیاننامەکە ئاماژەی پێداوە:- لە کۆبوونەوەکەدا ڕێککەوتن لەسەر پێکهێنانی لیژنەیەکی دووقۆڵی بۆ لێکۆڵینەوە لەو مەلەفانەی کە لەڕێگەیانەوە دەتوانرێت هاوکاری هاوبەشی نێوان هەردوو وڵات بەهێز بکرێت.
هەر بەپێی بەیاننامەکە :- کۆبوونەوەکە تیشکی خستە سەر مەلەفی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کە تیایدا ئیستۆنیا ئەندامە تیایدا،و گفتوگۆ بەردەوامەکانی لەگەڵ ئەمریکا بۆ کۆتاییهێنان بە بوونی خۆی لە ناوخۆی عێراقدا دوای پێشکەوتنی گەورەی هێزە ئەمنییەکانی عێراق و گواستنەوە بۆ ئاستی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان لەگەڵ هەموو وڵاتانی هاوپەیمانیەتەکە.