هەولێر - INA
بەیانیی ئەمڕۆ شەممە 2024/2/17 نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە كۆنفرانسی ئاساییشی میونشن لە ئەڵمانیا، لەگەڵ دەیڤد كامیرۆن وەزیری دەرەوەی بەریتانیا كۆبووەوە.
لە كۆبوونەوەكەدا دەربارەی دوایین پێشهات و ئاڵنگارییە ئەمنییەكان لە عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، گفتوگۆی هەولێر ـ بەغدا بۆ چارەسەكردنی كێشەكانیان، هەڵبژاردن و دۆخی ناوخۆی هەرێمی كوردستان گفتوگۆیان كرد.
هەردوولا دید و تێڕوانینی خۆیان لەسەر پێشهاتە ئەمنییەكان و بەئامانجگرتنی هێزەكانی هاوپەیمانان لە عێراق و كاردانەوەیان، شەڕ لە غەززە و دۆخی شڵەژاوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست خستەڕوو. لەمبارەیەوە جەختیان كردەوە كە تەشەنەسەندنی زیاتری ئاڵۆزییەكان، مەترسی و هەڕەشەی جددی لەسەر سەقامگیریی ناوچەكە دروست دەكات.
لە تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا، هاریكاریی هاوبەشی بەریتانیا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان، دۆخی ئەمنی و سیاسیی عێراق و هەرێمی كوردستان، مەترسییەكانی داعش لەسەر عێراق و سووریا و پرسی كۆچی نایاسایی باس كران.
وەزیری دەرەوەی بەریتانیا پابەندیی وڵاتەكەی بە بەردەوامیی هاوكاری و پشتگیری لە عێراق و هەرێمی كوردستان و برەودان بە پەیوەندییەكان دووپات كردەوە،لای خۆیەوە سەرۆكی هەرێمی كوردستان ستایشی پشتگیری و هەڵوێستی بەریتانیای بەرامبەر بە عێراق و هەرێمی كوردستان كرد.