سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان به‌جیا له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زيرانى قه‌ته‌ر و وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى توركيا كۆبووه‌وه‌

سیاسی
  • 16-02-2024, 20:53
  • +A -A

    هه‌ولێرـ INA
    ئه‌مڕۆ هه‌ينى، نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌ چوارچێوه‌ى به‌رنامه‌ى ديدار و كۆبوونه‌وه‌كانيدا له‌ كۆنفرانسى ئاساييشى ميونشن له‌ ئه‌ڵمانيا، له‌گه‌ڵ شێخ محه‌مه‌د بن عه‌بدولڕه‌حمان بن جاسم ئال سانى، سه‌رۆك وه‌زيران و وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى قه‌ته‌ر، كۆبووه‌وه‌.
    نووسینگه‌ی راگه‌یاندنی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌راگه‌یه‌ندراوێكدا كه‌بۆ ئاژانسی هه‌واڵی عێراقی ناردووه‌، راگه‌یاندوو" له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ده‌رباره‌ى دوايين پێشهاته‌ ئه‌منييه‌كانى ناوچه‌كه‌، شه‌ڕ له‌ غه‌ززه‌، دۆخى ئاڵۆزى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و ئه‌گه‌ر و لێكه‌وته‌كانى بيروڕايان گۆڕييه‌وه‌ و جه‌ختيان له‌ گرنگى و پێويستيى هاريكاريى هاوبه‌شى وڵاتانى ناوچه‌كه‌ بۆ پاراستنى ئارامى و سه‌قامگيرى كرده‌وه‌.
    هاريكاريى قه‌ته‌ر له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى مه‌ترسييه‌كانى تيرۆر و ئاڵنگارييه‌ ئه‌منييه‌كان، له‌گه‌ڵ چه‌ند پرسێكى ديكه‌ى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو.
    هه‌ر ئه‌مڕۆوله‌په‌راوێزێ كۆنگره‌ی میونشن له‌ئه‌ڵمانیا، نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له‌ كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا له‌گه‌ڵ هاكان فيدان، وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى توركيا، ده‌ر‌باره‌ى ده‌رفه‌ت و بواره‌كانى پته‌وكردنى په‌يوه‌ندييه‌كانى توركيا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، گفتوگۆيان كرد و بيروڕايان ده‌رباره‌ى دوا پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى، گۆڕييه‌وه‌.
    هه‌ردوولا جه‌ختيان له‌ پاراستنى ئاساييش و سه‌قامگيرى و هاريكاريى هاوبه‌شى توركيا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان كرده‌وه‌ بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى هه‌ڕه‌شه‌ و مه‌ترسييه‌كان له‌سه‌ر ئاساييش و ئاراميى هه‌ردوو وڵات‌، هه‌روه‌ها باسيان له‌ دوايين هه‌وڵ و هه‌نگاوه‌كانى هه‌نارده‌كردنه‌وه‌ى نه‌وتى هه‌رێمى كوردستان و گفتوگۆكان له‌مباره‌يه‌وه‌ كرد.
    به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى مه‌ترسييه‌كانى تيرۆر و كارى پێكه‌وه‌ييى وڵاتانى ناوچه‌كه‌ بۆ پاراستنى ئارامى و سه‌قامگيرى و چه‌ند بابه‌تێكى ديكه‌ى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو.