هه‌ولێرـ INA
ئه‌مڕۆ هه‌ينى، نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له كۆنفرانسى ئاساييشى ميونشن له ئه‌ڵمانيا، له‌گه‌ڵ كيرياكۆس ميتسۆتاكيس، سه‌رۆك وه‌زيرانى يۆنان، كۆبووه‌وه.
نووسینگه‌ی راگه‌یاندنی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌راگه‌یه‌ندراوێكدا كه‌بۆ ئاژانسی هه‌واڵی عێراقی ناردووه، راگه‌یاندووه"له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ده‌رفه‌ته‌كانى بره‌ودان به په‌يوه‌ندييه‌كانى يۆنان له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان و فراوانكردنى هاريكاريى هاوبه‌ش، دۆخى ئه‌منى و سياسيى عێراق، په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و گفتوگۆى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانيان، هه‌ڕه‌شه‌ى تيرۆر و مه‌ترسييه‌كانى داعشيان له ناوچه‌كه تاوتوێ كرد.
هه‌ردوولا جه‌ختيان له خواستى به‌ره‌وپێشبردنى په‌يوه‌ندييه‌كان له هه‌موو بواره‌كاندا كرده‌وه. له‌مباره‌يه‌وه به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زيرانى يۆنان خواستى خۆى بۆ سه‌ردانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان له داهاتوويه‌كى نزيكدا ده‌ربڕى، هه‌روه‌ها به وردى بيروڕايان ده‌رباره‌ى مه‌ترسيى دۆخى ئاڵۆزى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست گۆڕييه‌وه و دووپاتيان كرده‌وه كه پێويسته ئارامى و سه‌قامگيريى ناوچه‌كه بپارێزرێت و ڕێگه نه‌درێت شه‌ڕ و ئاڵۆزييه‌كان له‌وه زياتر په‌ره بستێنن.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه هه‌ر ئه‌مڕۆ، نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له ميونشن له ئه‌ڵمانيا له‌گه‌ڵ ئه‌نتۆنيۆ گۆتێرێس، سكرتێرى گشتيى نه‌ته‌وه يه‌كگرتووه‌كان كۆبووه‌وه و ده‌رباره‌ى دۆخى ئه‌منيى و سياسيى عێراق و ئاڵنگارى و مه‌ترسييه‌كانى سه‌ر ئارامى و سه‌قامگيريى عێراق و ناوچه‌كه به‌گشتى، گفتوگۆيان كرد.
هه‌ردوولا هاوڕا بوون كه ئارامى و سه‌قامگيريى عێراق و هه‌رێمى كوردستان بۆ ته‌واوى ناوچه‌كه گرنگه و ده‌بێ ئاساييش و سه‌روه‌ريى عێراق پارێزراو بێت و ڕێگه نه‌درێت عێراق بخزێته نێو ئاڵۆزييه‌كانى ناوچه‌كه‌وه. هه‌روه‌ها جه‌ختيان كرده‌وه كه له كاتێكدا ناوچه‌كه به دۆخێكى هه‌ستيارى ئه‌منيدا تێده‌په‌ڕێت، ده‌بێ هه‌مووان دان به خۆيان‌دا بگرن و يارمه‌تيده‌ر بن بۆ ئارامكردنه‌وه‌ى دۆخه‌كه و پاراستنى سه‌قامگيرى.
سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى ستايشى ئاماده‌يى و ڕۆڵى نه‌ته‌وه‌يه‌كگرتووه‌كان و هاوكارى و يارمه‌تييه‌كانى بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان كرد و كار و چالاكييه‌كانى تيمى UNى له عێراق به‌رز هه‌ڵسه‌نگاند. لاى خۆيه‌وه به‌ڕێز گۆتێرێس سوپاسى ڕۆڵى ئه‌رێنيى سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى له پرۆسه‌ى سياسيى عێراق و هه‌رێمى كوردستاندا كرد.
دوايين په‌ره‌سه‌ندنه‌كانى گفتوگۆى هه‌ولێر ـ به‌غدا بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانيان، دۆخى ناوخۆى هه‌رێمى كوردستان، پێويستيى ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانی هه‌رێمى كوردستان له نزيكترين كاتى گونجاو‌دا، دۆخى ناوچه‌كه به‌گشتى و شه‌ڕ و بارى مرۆيى له غه‌ززه، چه‌ند باسێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌كه بوون.