بەغداد - INA
ئەمڕۆ پێنجشەممە، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانی، تەئكیدی لە پەرۆشی عێراق بۆ پتەوكردنی هاوكارییەكانی لەگەڵ كۆمپانیا هۆڵەندییەكان كردەوە.
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆك وەزیران لە بەیاننامەیەكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراق ناردووە، دەڵێت: سەرۆك وەزیران لەگەڵ جۆن كرۆكەر جێگری سەرۆكی جێبەجێكاری كۆمپانیای شێڵ-ی تایبەت بە كەرتی وزە و پاوڵ كێلدەر بەڕێوەبەری جێبەجێكاری كۆمپانیای ماموت تایبەت بە كەرتی گواستنەوە و مارنێكس كۆتس بەڕێوەبەری پەیوەندییەكانی حكومەت لە كۆمپانیای سیبۆڵت تایبەت بە كەرتی وزە كۆبووەوە، لە چوارچێوەی سەردانە فەرمییەكەی بۆ هۆڵەندا.
لە میانی دیدارەكەدا سەرۆك وەزیران جەختیكردەوە: لە پەرۆشی عێراق بۆ پتەوكردنی هاریكاری لەگەڵ كۆمپانیا هۆڵەندییەكان كە ئەزموونی گرنگیان هەیە لە بواری وزە بە هەموو جۆرەكانیەوە بەتایبەتی كەرتی وزەی پاك و نوێبووەوە، و پڕۆژەكانی غازی هاوەڵ، هەروەها ئاماژەی بە بەردەستبوونی چەندین دەرفەتی وەبەرهێنان كرد بۆ ئەم كۆمپانیایانە، ئەوە جگە لە پڕۆژەكانی ئێستایان كە لە عێراقدا هەیە.
لای خۆیەوە كرۆكەر نوێنەری كۆمپانیای شێڵ دووپاتیكردەوە: كە كۆمپانیاكە لە ئێستادا وەبەرهێنان و پڕۆژەكانی، لە هەموو شوێنەكانیدا، لەسەر كەرتەكانی غاز، وەبەرهێنان و تەكنەلۆژیاكانی پەرەپێدان چڕدەكاتەوە، و وتیشی: گۆڕانكاری لە پلانەكانی كۆمپانیاكەدا ڕوویدا سەبارەت بە پڕۆژەكانی پترۆكیمیایی لە سەرانسەری جیهاندا، ئەمەش هۆكاری كشانەوەی بوو لە پڕۆژەی نبراس لە عێراق.
ئاماژەی بەوەشدا: كە خواستێكی بەهێز هەیە بۆ درێژەدان بە كارەكانی كۆمپانیاكە لە عێراق كە 10 ساڵ لەمەوبەر دەستیپێكردووە، هەروەها خواستێكی جددی هەیە بۆ فراوانكردنی لە كەرتی وەبەرهێنانی غازدا كە یەكێك لە گرنگترین میحوەرەكانی چاكسازی ئابووریە كە لەلایەن حكومەتەوە پەسەند كراوە.
هاوكات كێڵدەر و كۆتس سوپاسی خۆیان پێشكەشكرد بۆ ئەو ئاسانكاریانەی كە حكومەتی عێراق پێشكەشی كۆمپانیا بیانییەكان دەكات، جەختیانكردەوە: كە پەرۆشی پەیوەندی ڕاستەوخۆ لەگەڵ نوێنەرانی كۆمپانیاكان هەنگاوەكانی عێراق بەرەو هاوبەشییەكی جددی و بەرهەمدار لەگەڵ كەرتی تایبەت پشتڕاست دەكاتەوە.