هەولێر –INA
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەرەو ئەڵمانیا بەڕێكەوت بەمەبەستی بەشداری لە كۆنفرانسی ئاساییشی میونشن.
سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان لە راگەیندراوێكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی نێردراوە تێیدا هاتووە:"بۆ بەشداریكردن لە كۆنفرانسی ئاساییشی میونشندا، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، بەرەو ئەڵمانیا بەڕێكەوت".
هەروەها لە راگەیندراوەكە ئەوەیش هاتووە كە"لە میانی كۆنفرانسەكەدا سەرۆك نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ ژمارەیەك لە سەركردە و بەرپرسانی باڵای وڵاتان، دیدار و كۆبوونەوەی دەبێت و دەربارەی دۆخی ئەمنی و ئاڵنگارییەكانی بەردەم ئاساییش و سەقامگیریی لە عێراق و ناوچەكە و جیهان گفتوگۆیان لەگەڵدا دەكات و بیروڕا دەگۆڕنەوە، هەروەها تێڕوانینی هەرێمی كوردستان لەمبارەیەوە دەخاتەڕوو".
بەگوێرەی راگەیێندراوەكەی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی برەودان بە پەیوەندییەكان، بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، هاریكاریی هاوبەش لە بواری ئەمنیدا، گرنگیی كاری پێكەوەیی و هەوڵدان بۆ پاراستنی ئارامی و سەقامگیریی لە عێراق و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و دوورخستنەوەیان لە ئاڵۆزی و پشێویی زیاتر، لەگەڵ سەركرده و بەرپرسانی وڵاتان، تاوتوێ دەكات.