ناوخۆ: پاراستنی سنورەكان لە ئێستادا باشترینە لە مێژووی دەوڵەتی عێراقدا

ئەمنی
  • 14-02-2024, 21:32
  • +A -A

    بەغداد  - INA
    ئەمڕۆ چوارشەممە، وەزارەتی ناوخۆ، تەئكیدیكردەوە: كە سنوورەكانی عێراق لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بە 6 فرقە و 14 فەوج و تەكنەلۆجیای ئاست بەرز پارێزراون.
    وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆ عەمید میقداد موسەوی، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕاگەیاند: ئەو دیوارە كۆنكرێتییەی كە بەم دواییە دروستكراوە بە مەودای 157 كم لە قەزای شەنگالەوە بەرەو ناحیەی ڕەبیعە و پاشان روباری فیشخابور درێژ دەبێتەوە.
    رونیشیكردەوە: دیوارەكە بە خەندەقێكی قوڵ بەهێزكراوە، پاشان دیوارێكی كۆنكرێتی، جگە لە تەلی دڕكاوی لە هێڵی سفرەوە بەرەو ناوەوەی سنوورەكە بەستراوەتەوە، هەروەها كامێرای حەراری لە كەرتەكانی فەرماندەیی هێزەكانی سنوور.
    وتیشی: ئەم دیوارە لە ئاستێكی بەرز و بە چەند قۆناغێك قەڵای بۆ كراوە، هەروەها لە بەرژەوەندی ئاسایشی ناوخۆدایە، ئێمە پێمان وایە كە ئاسایشی سنوور 50%ی ئاسایشی ناوخۆ مسۆگەر دەكات، چونكە بەهێزكردنی سنوور ڕێگری لە دزەكردن و قاچاخچێتی دەكات، پێمانوایە پاراستنی سنورەكان لە ئێستادا باشترینە لە مێژووی دەوڵەتی عێراقدا.
    راشیگەیاند: سنوری عێراق لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ درێژدەبێتەوە بۆ مەودای 3719 كم و لەڕێگەی 6 فرقەوە بەتەواوەتی پارێزراوە، یەكەمیان لە هەولێر، دووەمیان لە قەزای قائیم لە پارێزگای ئەنبار، سێیەمیان لە واست، چوارەمیان لە بەسرە، پێنجەم لە نەجەفی ئەشرەف، و شەشەم لە نەینەوا، بە پاڵپشتی 14 فەوج كە لەم ماوەیەدا بەهێزكرابوون، جگە لە لیوایەكی كۆماندۆ لە قائیم و بارەگای هێزەكانی سنوور كە دەكەوێتە بەغدا.
    ئاشكراشیكرد: سنوورەكان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بە درێژایی  465 كامێرای حەراری و نوێترین تەكنۆلۆژیا بۆ دەستنیشانكردنی هەر جوڵەیەك كە لەوانەیە ڕووبدات بەهێزتر كراون، سەبارەت بە سنورەكان لەگەڵ ئێران كە 1493 كیلۆمەتر درێژییەكەیەتی و دۆخی ئەو سنورە زۆر باشە، ڕووپێوی و پاككردنەوە هەیە بۆ لابردنی هەر پاشماوەیەكی جەنگ و توانیمان زیاتر لە 650 كم ڕووپێوی بكەین و  پاكی بكەینەوە.