قوباد تاڵەبانی لەگەڵ هەڵسوڕێنەری كاروباری باڵیۆزخانەی ئەمریكا كۆبووەوە

سیاسی
  • 14-02-2024, 17:16
  • +A -A

    هەولێر - INA
    ئەمڕۆ چوارشەممە، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان لە شاری هەولێر پێشوازیكرد لە دەیڤید بێرگەر هەڵسوڕێنەری كاروباری باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە عێراق و دۆخی ئەمنی عێراق و كوردستان و ناوچەكەیان تاوتوێ كرد.
    نوسینگەی راگەیاندنی قوباد تاڵەبانی لە راگەیەنراوێكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: لە كۆبوونەوەكەدا كە مارك سترۆ كونسوڵی گشتی ئەمریكا لە هەرێم ئامادەی بوو، جەختكرایەوە لەسەر گرنگی پاراستنی سەقامگیری عێراق و هەرێمی كوردستان و هەردوولا هاوڕابوون لەسەر ئەوەی كە پێویستە هەموو لایەنەكان هەستیاری دۆخەكە لەبەرچاو بگرن، چونكە هەرجۆرە گرژی و هەڵوێستێكی نادروست دەتوانێت سەقامگیری عێراق و كوردستان و ناوچەكە بخاتە مەترسییەوە.
    هەر لە راگەیەنراوەكەدا هاتووە، كە لە كۆبوونەوەكەدا جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم ئاماژەی بەوەدا هێشتا مەترسی تیرۆر لە عێراق و كوردستان بەردەوامە و داعش و گروپە تیرۆریستییەكان لە دەرفەتێك دەگەڕێن بۆ خۆرێكخستنەوە و تێكدانی ئاسایشی ناوچەكە، هەربۆیە پێویستیمان بە ئامادەكاری زیاتر هەیە بۆ بنەبڕكردنی تیرۆر.


    لە تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا باسی هەڵبژاردنەكانی داهاتووی پەرلەمانی كوردستان كرا و قوباد تاڵەبانی جەختی كردەوە كە پێویستە بە زووترین كات بڕیار لەسەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكان بدرێت و لەماوەیەكی نزیكی داهاتوودا هەڵبژاردن بە شێوەیەكی پاك و بێگەرد و دادپەروەرانە بەڕێوەبچێت.