بەغداد - INA
ئەمڕۆ چوارشەممە، سەرۆك كۆمار عەبدوللەتیف جەمال رەشید، جەختی لە پێویستی كاركردن و رێكخستنی هەڵوێستەكان كردەوە بۆ پاراستنی ئاسایشی عێراق و ئێران.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆك كۆمار لە بەیاننامەیەكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: ئەمڕۆ چوارشەممە عەبدوللەتیف جەمال رەشید سەرۆك كۆمار پێشوازی لە غولام حسێن موحسینی ئیژەیی سەرۆكی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران و وەفدی یاوەری كرد، لە سەرەتای دیدارەكەدا كە لە كۆشكی بەغداد بەڕێوەچوو، موحسینی ئیژەیی سڵاوی عەلی خامنەیی رابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران و ئیبراهیم رەئیسی سەرۆك كۆماری ئێرانی گەیاندە سەرۆك كۆمار، لەبەرامبەردا سەرۆك كۆمار، سەرۆكی دەسەڵاتی دادوەریی ئێرانی راسپارد سڵاو و رێزی بە رابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی و سەرۆك كۆماری ئێران بگەیەنێت و هیوای پێشكەوتن و خۆشگوزەرانی بۆ گەلی ئێرانیش خواست.
هەروەها سەرۆك كۆمار جەختی لە گرنگی پتەوكردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەكان كردەوە، بەشێوەیەك كە بەشداربێت لەپەرەپێدانی پەیوەندییە كۆمەڵایەتی و ئایینییە هاوبەشەكانی نێوان هەردوو گەلی عێراق و ئێران، هەروەك بەهێزكردنی رێگاكانی هاریكاری نێوان هەردوو وڵات بەتایبەتی لە بواری دادوەری و یاساییدا دوپاتكردەوە.
سەرۆك كۆمار ئاماژەی بە پێویستی كاركردن و رێكخستنی هەڵوێستەكانیش كرد بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری هەردوو وڵات و ناوچەكە، هەروەها هەڵوێستەكانی كۆماری ئیسلامی لە پشتیوانیكردنی عێراق لە شەڕی دژی تیرۆردا، بەرزنرخاند.
سەبارەت بە پێشهاتەكانی ناوچەكەش، سەرۆك كۆمار جەختیكردەوە: لەسەر گرنگی كاركردن بۆ كەمكردنەوەی گرژییەكان و گرتنەبەری دیالۆگی بونیادنەر بۆ چارەسەركردنی ناكۆكییەكان و بەرقەراركردنی ئاشتی و ئاسایش لە جیهاندا. لەم چوارچێوەیەدا ئاماژەی بە پێویستی راگرتنی دەستدرێژییەكانی سەر كەرتی غەزە كرد، هەروەها دوپاتیكردەوە، كە پێویستە كۆمەك و پێداویستییەكان بۆ گەلی فەلەستین دابین بكرێن، كە روبەڕوی قێزەوەنترین جۆرەكانی دەستدرێژی بوەتەوە، سەرەڕای كاركردن بۆ كۆتاییهێنان بە ئازارە مرۆییەكانیان لەڕێگەی دەستەبەركردنی سەرجەم مافە رەواكانیان.
لای خۆیەوە غولام حسێن موحسینی ئیژەیی سەرۆكی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران، پشتیوانی وڵاتەكەی بۆ عێراق لە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری دووپاتكردەوە و ئاماژەی بەوەدا، كە پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵات رەگ و ریشەی مێژوویی و ئایینی و شارستانییان هەیە. هەروەها باسی لە گرنگی پەرەپێدانی هاریكاری لە بوارە جیاجیاكان بەتایبەتی دادوەری و یاسایی و بەپێی یاداشتی لێكتێگەیشتن، كرد.
راشیگەیاند: پێگەی عێراق و ئێران لەسەرئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی بۆ چارەسەركردنی پرسە هەنوكەییەكان كاریگەر و گرنگە، هاوكات هەوڵەكانی سەرۆك كۆماری لە بەهێزكردن و چەسپاندنی پەیوەندییەكانی عێراق لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بەرزنرخاند.