قوباد تاڵەبانی و كونسوڵی گشتیی نوێی یۆنان تاوتوێی چۆنییەتی پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و یۆنانیان كرد

سیاسی
  • 14-02-2024, 13:07
  • +A -A

    هەولێر –INA
    قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان و كونسوڵی گشتیی نوێی یۆنان لە هەرێمی كوردستان تاوتوێی چۆنییەتی پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و یۆنانیان كرد
    نووسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان لە راگەیندراوێكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی نێردراوە تێیدا هاتووە كە" قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران پێشوازیکرد لە نیکۆلاوس ستێرگیولاس، کونسوڵی گشتیی نوێی یۆنان لە هەرێمی کوردستان و پێکەوە تاوتوێی چۆنییەتی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولایان کرد". 
    لە راگەیندراوەكە ئەوەیش هاتووە كە ،" قوباد تاڵەبانی پیرۆزبایی لە نیكۆلاوس ستێرگیولاس كرد بە بۆنەی دەستبەكاربوونی وەك كونسوڵی گشتیی یۆنان و هیوای سەركەوتنی بۆ خواست لە پێشخستن و بەهێزكردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتی یۆنان".
    هەر بەپێی راگەیندراوەكە "هەردوولا هاوڕابوون كە زەمینەی لەبار هەیە بۆ پتەوكردنی پەیوەندییەكان لە بوارەكانی كشتوكاڵ و گەشتوگوزاردا". لەمبارەیەوە جێگری سەرۆك وەزیران ئاماژەی بەوەدا یۆنان ئەزمونێكی سەركەوتووی هەیە لە هەردوو بوارەكەدا و هەرێمی كوردستان پێشوازی دەكات لە وەبەرهێنەرانی ئەو وڵاتە بۆ وەبەرهێنان لە كەرتەكانی كشتوكاڵ و گەشتوگوزار و گواستنەوەی ئەزمونی سەركەوتووی یۆنان بۆ هەرێمی كوردستان".
    بەپێی راگەیندراوەكە لە "كۆبوونەوەكەدا ئاماژەی بە گرنگیی دروستكردنی پەیوەندیی لەنێوان زانكۆكانی كوردستان و یۆنان كرد و داوایكرد كونسوڵی گشتیی یۆنان لەمبارەیەوە هاوكاربێت. هەروەها داواشیكرد حكومەتی یۆنان كارئاسانی بكات بۆ وەرگرتنی خوێندكارانی هەرێم لە زانكۆكانی ئەو وڵاتەدا".