بەغدا –INA
ئەمڕۆ چوارشەممە سەرۆك وەزیران محەمەد شیاع سودانی جەختی لە گرنگی بەهێزكردنی هاوكارییە دادوەرییەكانی نێوان عێراق و ئێران لە بواری ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیكردن بە ماددە هۆشبەرەكان كردەوە.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران لە راگەیندراوێكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی( INA ) نێردراوە تێیدا هاتووە" سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانی، بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە پێشوازی لە سەرۆكی دەسەڵاتی دادوەری كۆماری ئیسلامی ئێران غولام حوسێن موحسینی ئیجەئی و شاندەكەی یاوەری كرد ".
هەروەها لە راگەیندراوەكە ئاماژەی بۆ ئەوەیش كرد"لە كۆبوونەوەكەدا تاوتوێی پەیوەندییە دوو قۆڵییەكانی نێوان هەردوو وڵاتی دراوسێ و هەماهەنگی هاوبەش لە دۆسیە و بابەتە جۆراوجۆرەكاندا كرا كە بەرژەوەندی هاوبەشیان هەیە و جەختیان لە ڕۆڵی سەرەكی عێراق كردەوە لە پتەوكردنی وتوێژ لە ناوچەكەدا كە ڕەنگدانەوەی ئەرێنی دەبێت لەسەر بەرژەوەندییەكانی عێراق و وڵاتانی دراوسێ و سەقامگیری هەرێمی".
هەروەها ئەوەیش هاتووە كە"سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران جەختی لەسەر گرنگی پتەوكردنی هاریكاریی دادوەریی نێوان عێراق و ئێران كردەوە لە بواری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیكردن بە ماددە هۆشبەرەكانەوە، هەروەها هەردوو لا باسی لە بارودۆخی ئێستای غەزە و بەردەوامبوونی دەسەڵاتدارانی داگیركەر كرد لە ئەنجامدانی تاوانی دڕندانە دژ بە هاوڵاتیانی سڤیل و پێویستی هەماهەنگی لە نێوان وڵاتانی جیهانی ئیسلامی و ناوچەكە لە پێناو دروستكردنی فشار بۆ ڕاگرتنی جەنگ و ڕزگاركردنی ڕۆڵەكانی گەلی فەڵەستین لەو جینۆسایدەی كە ڕووبەڕووی دەبنەوە و یارمەتی دانیان لە دیاری كردنی چارەنووسیان".
بەپێی راگەیندراوەكە موحسنی ئیجەی سڵاوی سەركردایەتی ئێرانی گەیاندە سودانی ، هەروەها "جەختی لەسەر خواستەكانی كردەوە بۆ پتەوكردنی بناغەكانی هاوكاریی نێوان هەردوو وڵات لە چەندین بواردا، هەروەها ستایشی سیاسەتەكانی حكومەتی عێراقی كرد سەبارەت ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو ئاستەنگییە جۆراوجۆرانەی كە ڕووبەڕووی عێراق و ناوچەكە دەبنەوە و هەڵوێستە بەرپرسیارانەكانی سەبارەت بە ڕووداوەكانی غەزە".