هەولێر - INA
ئەمڕۆ پێنج شەممە، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، پێشوازی كرد لە سنچۆل لیم، كونسوڵی گشتیی كۆریای باشور لە هەرێمی كوردستان و پێكەوە تاوتوێی چەند بابەتێكی جێی بایەخی هەردوولایان كرد.
نوسینگەی راگەیاندنی قوباد تاڵەبانی لە راگەیەنراوێكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: لە كۆبوونەوەكەدا كە ئەمڕۆ لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو، گفتوگۆكرا لەبارەی چۆنییەتی پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵات لە بوارەكانی تەكنەلۆجیا و پیشەسازی و گەشتیاریدا، هەروەها ئاڵوگۆڕی بیروڕا كرا لەبارەی چۆنییەتی سودوەرگرتنی هەرێم لە ئەزمونی سەركەوتووی گەشەسەندنی ئابوریی كۆریای باشور.
هەر لە راگەیەنراوەكەدا هاتووە، كە لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆكرا لەبارەی گرنگی هەمەجۆركردنی ئابووری هەرێمی كوردستان و پشتبەستن بە توانای گەنجان لە بوارەكانی داهێنان و تەكنەلۆجیا. لەمبارەیەوە قوباد تاڵەبانی تێڕوانینی خۆی لەبارەی باشكردنی پرۆسەی حكومڕانی و پێشخستنی ئابووریی هەرێمی كوردستان خستەڕوو، و داواشیكرد كۆریای باشور هاوكاریی زیاتری هەرێمی كوردستان بكات بەتایبەتی لەڕێگەی بەشداریكردنی شارەزایی و ئەزموونی سەركەوتووی ئەو وڵاتە.