بەغداد - INA
لە میانەی سەردانەكەیدا بۆ نەجەفی ئەشرەف، ئەمڕۆ پێنجشەممە، سەرۆك كۆمار عەبدوللەتیف جەمال رەشید، بە جیا چاوی كەوت بە هەردوو گەورە مەرجەعی ئایینی ئایەتوڵڵا شێخ محمد ئیسحاق ئەلفەیاز و شێخ بەشیر نەجەفی، و تەئكیدی لە ڕۆڵی مەرجەعیەت لە پاراستنی یەكڕیزی عێراق و عێراقییەكان كردەوە.
سەرۆكایەتی كۆمار لە بەیاننامەیەكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: لە میانەی هەردوو دیدارەكەدا، سەرۆك كۆمار گوێی لە ڕێنماییەكانی هەردوو مەرجەعی گەورە گرت، كە تەئكیدیان لە پێویستی بەرجەستەكردنی بەهاكانی هاوڵاتی بوون كردەوە كە بە هۆی سیاسەتەكانی ڕژێمی پێشوو زیانی پێگەیشتوە، و جەختیشیان كردەوە كە بەرژەوەندییەكانی عێراق و گەلەكەی بكرێتە پێشینەی كارەكان، هەروەها تەئكیدیان لە پێویستی بەرزكردنەوەی ئاستی ئەو خزمەتگوزارییانە كردەوە كە پێشكەش بە هاووڵاتیان دەكرێت، چونكە لە ئاستی چاوەڕوانكراودا نەبوون و جەختیان لە كاركردن بۆ چەسپاندنی ئاسایش و چارەسەركردنی ئەو پێشێلكارییە ئەمنییانە كردەوە كە لەم دواییانەدا زیادیان كردووە و بوونەتە هەڕەشەیەك بۆ سەر ئاسایشی كۆمەڵگە.
بەیاننامەكە ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە: لە هەردوو دیدارەكەدا بارودۆخی گشتی و دوایین پێشهاتەكانی وڵات تاوتوێ كران، هاوكات سەرۆك كۆمار جەختی لە ڕۆڵی گرنگی مەرجەعیەتی نەجەف كردەوە لە پاراستنی یەكێتی عێراق و عێراقییەكان، بە ئاماژەدان بە فەتوای جیهادی كیفائی كە وەرچەرخانێكی ئیمانی بوو بۆ عێراقییەكان لە ڕووبەڕووبوونەوەی چەتەكانی داعش و وەدەرنانیان لە خاكی عێراق، كە بوە هۆكاری سەركەوتن و چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری لە وڵاتدا.
لە بەشێكی تری بەیاننامەكەدا هاتووە، كە سەرۆك كۆمار باسی ڕۆڵی سەرۆكایەتی كۆماری كرد لە پاراستنی دەستوور و كاركردن لەگەڵ دەسەڵاتی جێبەجێكردن و یاسادانان بۆ بەدیهێنانی یەك هەڵوێست لە كاری دامەزراوەیی و چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری، كەبنەمای بونیاتنان و ئاوەدانكردنەوە و وەبەرهێنانە، سەرۆك كۆمار هەروەها ئاماژەی بەوەدا كە سەرۆكایەتی كۆمار بەپەڕۆشە بۆ بەدواداچوون و پێشكەشكردنی ڕەشنووسی یاساكان كە كاریگەرییان لەسەر ژیان و ئاسایشی هاووڵاتی هەیە، لەگەڵ بەدواداچوون بۆ زۆرێك لە دۆسێكان، لەوانەش ئازادكردنی ئەو سزادراوانەی كەماوەی سزاكانیان كۆتایی هاتوە، هەروەها بەدواداچوونی ڕۆژانەی دۆسیێ هاوڵاتیان.