وەزیری داد: حكومەت دەستپێشخەری زۆری كردووە بۆ دڵنیابوون لە بەهرەمەندبوون لە مافی خۆراك

سیاسی
  • 7-02-2024, 20:18
  • +A -A

    بەغداد  - INA
    ئەمڕۆ چوارشەممە، خالید شوانی وەزیری داد، تەئكیدیكردەوە: حكومەتی عێراق دەستپێشخەری زۆری كردووە بۆ دڵنیابوون لە بەهرەمەندبوون لە مافی خۆراك، و هاوكات داوای هاوكاری نێودەوڵەتی كرد بۆ دابینكردنی خۆراكی پێویست بۆ هەمووان.
    شوانی لە وتارێكدا لە میانی بەشداریكردنی لە كۆنفرانسی دادپەروەری راگوزەر لە ڕوانگەی مافی مرۆڤەوە، كە لە قەتەر بەڕێوەچوو، دەقی وتارەكە بۆ  ئاژانسی هەواڵی عێراقی نێردراوە، رایگەیاند: ئەم كۆنفرانسە داوای گەیشتن بە ئامانجی مرۆیی دەكات كە بریتییە لە گەیشتن بە دادپەروەری خۆراك و بەرەنگاربوونەوەی هەموو جۆرە هەژارییەك لە سەرانسەری جیهاندا، و وتیشی: مافی خۆراك یەكێكە لەو مافە سەرەتاییانەی كە لە پەیماننامەی نێودەوڵەتی مافە ئابوری و كۆمەڵایەتییەكاندا هاتووە و ڕوونكردنەوەی ڕاپۆرتەری تایبەت سەبارەت بە مافی خۆراك بە ئامانجی دابینكردنی خۆراكی گونجاوە بۆ هەموو كەسێك، بە سەربەخۆیی یان لەگەڵ كەسانی دیكە.
    ئاماژەی بەوەشكرد: بەستنی ئەم كۆنفرانسە لەم كاتەدا و هەڵبژاردنی ئەم تەوەرە گرنگییەكی زۆری هەیە، بەتایبەتی لەبەر ڕۆشنایی ئەو هەلومەرجەی ئێستا كە قەیرانی خۆراكی جیهانی و بەرزبوونەوەی نرخەكانی بەخۆیەوە بینیوە، بەتایبەتی دوای شەڕە بەردەوامەكان و قەیرانی ئاوارەبوون لە زۆرێك لە ناوچەكانی جیهان و ململانێ چەكدارییەكان لە ناوچە جیاوازەكاندا، كە بە شێوەیەكی مەترسیدار خۆیان دەردەخەن لە قەیرانی غەززەدا.
    ناوبراو لە درێژەی قسەكانیدا وتی: خەڵكی كەرتی غەززە بەدەست قەیرانێكی سەختی خۆراك و دەرمان و نەگەیشتن بە هاوكارییە مرۆیی و فریاگوزارییەكان دەناڵێنن، كە لە ئەنجامدا كارەساتێكی گەورەی مرۆیی لێكەوتووەتەوە.
    ئاشكراشیكرد: حكومەتەكەمان، لە سەردەمی سەرۆك وەزیران محەمەد شیاع سودانی، دەستپێشخەری زۆری كردووە بۆ دەستەبەركردنی بەهرەمەندبوون لە مافی خۆراك بە شێوەیەكی دادپەروەرانە و شكۆمەندانە بۆ هەموو هاووڵاتیان و دانیشتوانی خاكەكانمان بەبێ جیاوازی و بۆ پاراستنی ئاسایشی خۆراك لە عێراق، لەوانەش جێبەجێكردنی یاسای پاڵپشتی فریاگوزاری بۆ ئاسایشی خۆراك و گەشەپێدان بۆ روبەروبوونەوەی قەیرانی كەمی خۆراك.