هەولێر – INA
ئەمڕۆ چوارشەممە مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە یاشار گولەر، وەزیری بەرگریی توركیا كرد.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆكی حكومەتی هەرێم لە راگەیندراوێكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی نێردراوە تێیدا هاتووە كە " ئەمڕۆ چوارشەممە مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە یاشار گولەر، وەزیری بەرگریی توركیا كرد،لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ لەبارەی بارودۆخی گشتیی عێراق و پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە كرا. جەخت لە گرنگیی بەردەوامبوونی هەماهەنگی و هاریكاریی هاوبەش لەپێناو ئاسایش و ئارامیی هەرێمی كوردستان و عێراق و ناوچەكە كرا.
هەروەها لە راگەیندراوەكەدا ئەوەیش هاتووە كە "وەزیری بەرگری توركیا، پرسە و هاوخەمی بۆ گیانلەدەستدانی قوربانییانی هێرشەكەی هەولێر دەربڕی و ئاماژەی بەوە دا كە هێرشەكە هیچ پاساوێك هەڵناگرێت".
هەورەها ئەوەیش هاتووە كە "سەرۆكی حكومەت خواستی هەرێمی كوردستانی بۆ برەودان بە پەیوەندیی دوولایەنە لەسەر بنەمای دراوسێتیی باش و بەرژەوەندیی هاوبەش دووپات كردەوە".
مەسرور بارزانی وتیشی "هەرێمی كوردستان وەك هەمیشە فاكتەرێكی ئاسایش و سەقامگیری دەبێت و ڕێگەش نادات ببێتە مایەی هەڕەشە و مەترسی بۆ دراوسێكانمان".
هەر لە راگەیندراوە كە ئەوەیش هاتووە كە " گرنگیی جێبەجێكردنی ڕێككەوتننامەی شنگال و ئاساییكردنەوەی دۆخی دەڤەرەكە و گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ شوێنەكانیان، تەوەرێكی دیكەی گفتوگۆكان بوو".