هەولێر –INA
ئەمڕۆ چوارشەممە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، گەشبینن بەوەی لە ئەمساڵدا كێشە داراییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا بە یەكجاری چارەسەر بكرێت. قوباد تاڵەبانی.
نووسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم لە راگەیندراێكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە تێیدا هاتووە" قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیران پێشوازیكرد لە وەفدێكی ئاژانسی گەشەپێدانی فەڕەنسی و لە كۆبوونەوەی نێوانیاندا لەبارەی دۆخی ئابوری هەرێمی كوردستان و چۆنییەتی بەهێزكردنی كەرتی تایبەت ئاڵوگۆڕی بیروڕا كرا".
هەورەها لە راگەیندراوەكە ئەوەیش هاتووە كەلە كۆبوونەوەكەدا كە ئەمڕۆ چوارشەممە بەڕێوەچوو و یان برێم، كونسوڵی گشتیی فەڕەنسا لە هەرێم ئامادەی بوو، جێگری سەرۆك وەزیران سوپاسی هاوكارییەكانی ئاژانسی گەشەپێدانی فەڕەنسی كرد و رایگەیاند:" هەرێمی كوردستان دەرگای كراوەیە بە ڕووی وەبەرهێنەرانی فەڕەنسیدا و لەمبارەیەشەوە ئامادەیە بۆ پێشكەش كردنی هەموو جۆرە هاوكاری و كارئاسانییەك". ئاماژەی بەوەشكرد:" ستراتیژی حكومەتی هەرێم بەهێزتركردنی كەرتی تایبەتە و لەم چوارچێوەیەشدا پرۆسەی پشتگیریكردنی وەبەرهێنەرانی ناوخۆی دەستپێكردووە".
قوباد تاڵەبانی سەبارەت بە كۆسپەكانی بەردەم گەشەپێدانی ئابوری لە كوردستان و عێراق رایگەیاند "یەكێك لە كێشە بنەڕەتییەكان نەبوونی داتای زانستییە و بەبێ بوونی داتای زانستی ناتوانین بڕیاری دروست و خێرامان هەبێت بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و پلانی گونجاو دابنێین بۆ گەشەپێدانی ئابوری. هەربۆیە ساڵی رابردوو شۆڕشی داتامان راگەیاند و وەك دەستپێك لە شاری هەڵەبجەوە دەست كراوە بە كۆكردنەوە و ئامادەكردنی داتای زانستی و ئەم پرۆسەیەش بەردەوام دەبێت تا ئەو كاتەی كوردستان دەبێتە خاوەنی داتای زانستی لە هەموو بوارە جیاوازەكاندا".
هەروەها لە راگەیندراوەكە ئەوەیش هاتووە كەهەر لە چوارچێوەی هەوڵەكان بۆ بەهێزكردنی كەرتی تایبەت، باسی لەوەش كرد لە هەوڵی بەردەوامدان بۆ جێخستنی ئەو كلتورە كە وەبەرهێنەر و سەرمایەدارەكانی هەرێم وەبەرهێنان لەسەر بیرۆكەی داهێنەرانەی گەنجان بكەن، لەم چوارچێوەیەشدا پلاتفۆرمی سمارت سولی دەستبەكار بووە و كۆڕبەندیی نێودەوڵەتی سلێمانی بۆ كارسازی و داهێنان بۆ هەمان مەبەست بەڕێوەچوو و ئەم هەوڵانەش بەردەوام دەبێت.
لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆكرا لەبارەی كێشە داراییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا. لەمبارەیەشەوە جێگری سەرۆك وەزیران رایگەیاند هەوڵەكان بۆ چارەسەركردنی كێشەكان بەردەوامە و گەشبینین لە ئەمساڵدا بە یەكجاری ئەم كێشەیە چارەسەر بكرێت.
سەبارەت بە كەرتی كشتوكاڵیش قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەدا كە لەم ساڵانەی دواییدا لە كەرتی كشتوكاڵدا هەنگاوی باش نراوە و وەزارەتی كشتوكاڵ پلانێكی تۆكمەی هەیە بۆ گەشەپێدانی ئەم كەرتە و حكومەتیش بەرچاوی روونە لە هەنگاوەكانی داهاتووییدا بۆ گەشەپێدانی كەرتی كەشتوكاڵ.