هەولێر - INA
شاندی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان، لە كۆنگرێسی ئەمەریكا لە واشنتۆن لەگەڵ ئەندامانی كۆنگرێس مایكڵ ڕۆجەرز سەرۆكی لیژنەی سەربازی و ئادەم سمیس ئەندامی باڵای پارتی دیموكرات لە لیژنەی سەربازی و مایكڵ واڵتز ئەندامی لیژنەی سەربازی و كاروباری دەرەوە و هاوسەرۆكی گرووپی كوردی ـ ئەمەریكی لە كۆنگرێس و جیم بێرد لە لیژنەی كاروباری دەرەوەی كۆنگرێس، چەند دیدارێكیان ئەنجامدا و دەربارەی پەیوەندییەكانی ئەمەریكا لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان و دوایین پێشهاتەكانی ناوچەكە، بیروڕایان ئاڵوگۆڕ كرد.
سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان لە راگەیندراوێكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی نێردراوە تێیدا هاتووە: شاندی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان، لە كۆنگرێسی ئەمەریكا لە واشنتۆن چەند دیدارێكی ئەنجام دا،لە دیدارەكاندا شاندی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان، سوپاس و پێزانینان بۆ پشتگیریی كۆنگرێسی ئەمەریكا لە عێراق و هەرێمی كوردستان دووپات كردەوە و داوایان كرد لە یارمەتیدان و پشتگیرییان بۆ هەرێمی كوردستان بەردەوام بن. هەروەها دوایین هەنگاوەكانی یەكخستنەوەی پێشمەرگە و پرۆسەی چاكسازییان لە وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان تاوتوێ كرد و تیشكیان خستە سەر هەڕەشەكانی تیرۆر و مەترسییەكانی داعش لەسەر عێراق و ناوچەكە.
هەروەها لە راگەیندراوەكەدا ئەوەیش هاتووە،شاندی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتیی فەوزی هەریری، سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان و ئەندامیەتیی فەلاح مستەفا یاریدەدەری سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ كاروباری سیاسەتی دەرەوە و نیاز ساڵح مستەفا بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوە و دیپلۆماسی لە سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان، بە ئامادبوونی تریفە عەزیز نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە سەردانەكەیاندا بۆ ئەمەریكا چەند دیدار و كۆبوونەوەیەك لەگەڵ بەرپرسانی ئەمەریكا ئەنجام دەدەن.