ئه‌عەرەجی بۆ وەزیری بەرگری تورکیا: دەبێت کەمپی هۆڵ دابخرێت دوای ئەوەی دانیشتووانەکەی دیپۆرت دەکرێنەوە بۆ وڵاتەکانیان

ئەمنی
  • 6-02-2024, 19:44
  • +A -A

    به‌غدا-INA
    ئەمڕۆ سێشەممە، قاسم ئەعەرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی راگه‌یاند کە سەرکەوتنی پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان دەبێتە هۆی بەرزکردنەوەی پەیوەندییە بازرگانی و ئابوورییەکانی نێوان عێراق و تورکیا، هاوکات جەختی لەسەر پێویستی داخستنی کەمپی هۆڵ لە سووریا و ڕاگواستنی دانیشتووانانی بۆ وڵاتەکانیان کردەوە.
    نووسینگەی ڕاگەیاندنی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی لە بەیاننامەیەکدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) ناردووە، ڕایگەیاندووە" ئەمڕۆ قاسم ئەعەرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی، لە نووسینگەی خۆی، پێشوازیکرد لە یاسار گولەر، وەزیری بەرگری تورکیا و شاندی یاوەری بە ئامادەبوونی عەلی ڕەزا گونانی باڵیۆزی تورکیا لە بەغدا.

    لە میانی کۆبوونەوەکەدا دۆخی گشتی سیاسی و ئەمنی ناوچەکە تاوتووێکرا، ئەمە جگە لەوەی باس لە پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵاتی دراوسێ کرا و جەختان له‌ بەردەوامی هاوکاری ئەمنی، بەمەبەستی بەدیهێنانی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکەدا كرد.
    ئەعەرەجی جەختی لە قوڵایی پەیوەندییە ستراتیژییەکان ومێژووی هاوبەش وپەیوەندییە جوگرافی و کۆمەڵایەتییەکانی نێوان عێراق و تورکیا و گرنگییان لە بەرزکردنەوەی هاوکاری و هاوبەشی نێوان هەردوو وڵات کردەوە.
    ئەعەرەجی ئاماژەی بەوەدا کە پرسی ئەمنییەکان ئەو پرسه‌کە فشار دەخاتە سەر هەموو پرسه‌كانی دیكه‌، و ئیرادەیەکی ڕاستەقینە هەیە بۆ کۆتاییهێنان بەم پرسه‌، لەڕێگەی هاوکاریی ئەمنی و هەواڵگری و ئاڵوگۆڕی زانیارییەوە، بۆ بەدواداچوونی توخمە تیرۆریستییەکان، ئاماژەی بەوەشکرد کە کەمپی هۆڵ مەترسییەکی ڕاستەقینە بۆ ناوچەکە هه‌یه‌ بۆیه‌ دەبێت دانیشتوانه‌كانی   دیپۆرت بكرێنه‌وه‌ بۆ وڵاتەکانیان وكه‌مپه‌كه‌ دابخرێت.
    ئەعەرەجی ڕایگەیاند" پرسی ئاو گرنگییەکی زۆری هەیە بۆ عێراق، دەبێت پشکی ئاوی عێراق لە ڕێگەی هەماهەنگی هاوبەشی نێوان هەردوو وڵاتەوە بدرێت، هه‌روه‌ها وتی" سەرکەوتنی پڕۆژەی ڕێگای گەشەپێدان دەبێتە هۆی بەرزکردنەوەی ئاستی پەیوەندییە بازرگانی و ئابوورییەکانی نێوان هەردوو وڵات.
    له‌لای خۆیەوە گولەر جەختی لەوە کردەوە کە تورکیا هەوڵی زۆر دەدات بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراق بۆ نەهێشتنی گروپە تیرۆریستییەکان، وستایشی هەوڵەکانی عێراقی كرد بۆ نەهێشتنی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش و بەرقەرارکردنی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکە.
    گولەر هەروەها هیوای ئەنقەرە بۆ سەرکەوتنی ناوەندی هاوبەشی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و ئاڵوگۆڕی هەواڵگری دەربڕی، وجەختی لەسەر ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ هاوکاری ئەمنی لە بواری کۆنترۆڵکردنی سنوورەکاندا کرده‌وه‌.