سەرۆک وەزیران: عێراق چه‌ندین رێوشوێنی گیراوەتەبەر لەسه‌ر سنووری نێوان عێراق و تورکیا

سیاسی
  • 6-02-2024, 17:00
  • +A -A

    به‌غدا-INA
    سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانی، بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە پێشوازی کرد لە وەزیری بەرگری تورکیا یاشار گولەر بەیاوەری سەرۆکی دەستەی ئەرکانی گشتی سوپای تورکیا.
    نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران له‌راگه‌یه‌ندراوێكدا كه‌بۆ ئاژانسی هه‌واڵی عێراقی ناردووه‌، راگه‌یاندووه‌" لە کۆبوونەوەکەدا پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵاتی دراوسێ و گرنگی بەهێزکردنی هەماهەنگی ئاسایشی دوو قۆڵی تاوتوێ کرا، بە شێوەیەک کە یارمەتیدەر بێت لە بەدیهێنانی ئاسایش و سەقامگیری بۆ هەردوو وڵات.
    سودانی پەیوەندی ئاسایشی عێراق و تورکیای ڕوونکردەوە، هەروەک چۆن لە ئاسایشی وڵاتانی دراوسێدا هەیە وئاماژەی بە گرنگی ئەو سەردانە کرد بۆ هەماهەنگی و لێکتێگەیشتنی زیاتر لە نێوان هەردوو وڵاتدا لە بواری پشتیوانیکردنی ئاسایش و سەقامگیریدا.
    هه‌روه‌ها سودانی جەختی لە پابەندبوونی عێراق کردەوە بەو بنەما دەستوورییانەی کە جەخت لە ڕێگریکردن لە بەکارهێنانی خاکی عێراق دەکەنەوە بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ، و ڕێوشوێنی پێویست گیراوەتەبەر لەم ڕووەوە، بەتایبەتی لە سنووری نێوان عێراق و تورکیا و لە هەمان کاتدا جەختی لەوە کردەوە کە عێراق ڕەتی دەکاتەوە سەروەری پێشێل بکرێت، یان گرتنەبەری هەر ڕێوشوێنێک بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەکان لەسەر خاکەکەی.
    سودانی جەختی کردەوە لەسەر گرنگی پاراستنی ئاسایش لە سوریا، چونکە پەیوەستە بە ئاسایشی نەتەوەیی عێراق و تورکیاوە و ئاماژەی بە پێویستی هەماهەنگی کرد لە نێوان هەردوو وڵاتدا بەمەبەستی ڕەخساندنی هەلومەرجی سەقامگیری پێویست بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژە گرنگەکان، وەک پڕۆژەی ڕێگای گەشەپێدانی ستراتیژی کە پڕۆژەکانی هێڵی شەمەندەفەر و ڕێگا خێراکان لەخۆدەگرێت و بەندەری گەورەی فاو لە شاری بەسرە بە سنووری باشوری تورکیا دەبەستێتەوە.
    لە لای خۆیەوە وەزیرەکەی تورکیا سڵاوی سەرۆک ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی گواستەوە لەگەڵ خواستی وڵاتەکەی بۆ پاراستنی پەیوەندییەکانی هاریکاری لەگەڵ عێراق و پەرۆشی بۆ هەماهەنگی ئەمنی هاوبەش لە بواری هەواڵگری و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا، هەروەها بایەخی حکومەتی تورکیای بە پڕۆژەی گەشەپێدانی ستراتیژی دەربڕی، چونکە یەکێکە لەو پڕۆژە ئومێدبەخشانەی کە گەشەپێدان و خۆشگوزەرانی بۆ عێراق و تورکیا و وڵاتانی دراوسێ بەدەست دەهێنێت.
    هەر لە کۆبوونەوەکەدا باس لەو ڕووداوە خوێناوییانە کرا کە لە خاکی فەڵەستین لە غەزە ڕوودەدات، هەروەها بەردەوامبوونی هێرشە دڕندانەکانی دەسەڵاتدارانی داگیرکەر بۆ سەر گەلی فەڵەستین و ڕێگرتن لە هەوڵەکانی ئاگربەست و گرنگی ڕۆڵی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و زلهێزەکان لە ڕزگارکردنی ڕۆڵەکانی گەلی فەڵەستینمان لە سیاسەتی جینۆساید و برسێتی.