ەغداد-INA
ئەمرۆ یەک شەممە "فوئاد حسێن"وەزیری دەرەوە ڕایگەیاند :-کە حکومەتی عێراق جارێکی دیکە ڕەتیدەکاتەوە خاکەکەی ببێتە گۆڕەپانێک بۆ یەکلاکردنەوەی حیساباتی لە نێوان وڵاتانی ناکۆک.
لە ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی دەرەوەدا ، کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) ناردوویەتی، تێیدا هاتووە:- ئەمرۆ "فوئاد حسێن"جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوە لەگەڵ باڵیۆزانی وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا و کەنەدا و بەرازیل و ئوسترالیا لە بارەگای وەزارەتی دەرەوە لە بەغدا کۆبوویەوە.
وەک ڕاگەیەندراوەکە ئاماژەی پێداوە :- لەمیانی کۆبوونەوەکەدا باس لەو هێرشانە کرا کە لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بۆ سەر عێراق دەستیپێکرد و هێزە ئەمنییەکانی عێراق و شوێنە مەدەنییەکانی ناوچەکانی عەکاشات و قائیمی کردە ئامانج، کە بووە هۆی زیانی گەورەی مرۆیی و ماددی.
هەر بەپێی راگەیەندراوەکە "فوئاد حوسێن " جەختی کردەوە،کە حکومەتی عێراق جارێکی دیکە ڕەتیدەکاتەوە کە خاکەکەی ببێتە گۆڕەپانێک بۆ یەکلاکردنەوەی حیساباتی نێوان وڵاتانی ناکۆک،هەروەک جەختیشی لەوە کردەوە کە عێراق شوێنی ناردنی پەیام و پیشاندانی دەسەڵات نی یە لە نێوان وڵاتانی ناکۆک ، هەروەها حکومەتی عێراق بەرپرسیارە لە پاراستنی نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکان و ڕاوێژکارە بیانییەکان لە عێراق، بۆیە زیانگەیاندن بەوان هێرشکردنە بۆ سەر سەروەری عێراق و لەدەرەوەی چوارچێوەی سیاسەتی کردەوەی حکومەتن .
راگەیەندراوەکە ئەوەشی خستۆتەروو :- کە فوئاد حسێن دووپاتیکردۆتەوە کە پێویستە بگەڕێینەوە بۆ مێزی دانوستانەکان لە نێوان لیژنەی سەربازی هاوبەش بۆ گەیشتن بە لێکتێگەیشتنی نوێ سەبارەت بە بوون و ئەرکی سەربازان بۆ کاری ڕاوێژکاری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و وڵاتانی هاوپەیمان لە عێراق.
لای خۆیانەوە "باڵیۆز تۆماس سایلر " سەرۆکی نوێنەرایەتی یەکێتی ئەوروپا لە بەغدا سەرەخۆشی و هاوسۆزی دڵسۆزی خۆی بۆ حکومەت و گەلی عێراق دەربڕی، ئامادەیی یەکێتیی ئەوروپا بۆ پاڵپشتیکردنی سەقامگیریی عێراق و کارکردن بۆ ئاشتی و ئاسایش لە ناوچەکەدا دەربڕی.
هەروەها ژمارەیەک باڵیۆزی نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکانی ئەوروپا کە لە عێراق کاردەکەن، پشتیوانی خۆیان بۆ حکومەتی عێراق دەربڕی.
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەدا هاتووە :- کە "فوئاد حسێن" وەزیری دەرەوە ، جەختی لە پێویستی کۆتاییهێنان بە ململانێکان لە ناوچەکە و ئاگربەست لە کەرتی غەززە و وازهێنان لە بژاردە سەربازییەکان لە پێناو دوورکەوتنەوە لە پەرەسەندن لە ناوچەکەدا کردەوە.