سەرۆك كۆمار: حكومەت لە دۆسیەی ئەمنیدا پێشكەوتنی بەدەستهێناوە

سیاسی
  • 1-02-2024, 21:23
  • +A -A

    بەغداد  - INA
    سەرۆك كۆمار عەبدوللەتیف جەمال رەشید، تەئكیدیكردەوە: كە حكومەت لە دۆسیەی ئەمنیدا پێشكەوتنی بەدەستهێناوە و ئاسایشی ناوخۆی ژمارەیەك لە پارێزگاكانی ڕادەستی پۆلیس كردووە.
    سەرۆكایەتی كۆمار بەشێك لە چاوپێكەوتنی سەرۆك رەشید لەگەڵ كەناڵی سی ئێن ئێن-ی ئابووریی بڵاوكردەوە و بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، تیایدا سەرۆك كۆمار رایگەیاند: تەركیزی سەرەكیمان لەسەر ئاسایش و سەقامگیریی وڵاتە، بەبێ ئەوانە هیچ بەدەستناهێنین.
    وتیشی: حكومەت پێشكەوتنی لە دۆسێی ئاسایشدا بەدەستهێناوە، هەروەها ئاسایشی ناوخۆیی لە ژمارەیەك پارێزگادا ڕادەستی پۆلیس كراوە، دوای ئەوەی سوپا بۆ چەند ساڵێك بەرپرسیار بوو لە ئاسایشی ناوخۆ.
    رونیشیكردەوە: وەبەرهێنانی بیانی و چالاككردنی جوڵەی ئابوری، لە كارە لە پێشینەكانی سەرۆكایەتی كۆمار و حكومەتە بۆ چارەسەركردنی ئەو ناهاوسەنگییەی، كە وڵات بۆ ماوەیەكی دورودرێژ بەهۆی جەنگ و تیرۆر و ناسەقامگیرییەوە بەدەستیەوە دەیناڵاند.
    سەرۆك كۆمار ئاماژەی بەوەشدا: پێویستیمان بە پشتیوانی نێودەوڵەتی و پاڵپشتی وڵاتانی دۆستە لەپێناو هاندانی وەبەرهێنان و بەشداریكردن لە پرۆژەكاندا، بەوپێیەی وەبەرهێنانی گرنگ و گەورە لە عێراقدا هەیە، و رێككەوتنمان لەگەڵ سعودیە و ئیمارات و قەتەر و چین و زۆرێك لە وڵاتانی دۆست و هەندێك وڵاتی ئەوروپی وەك فەرەنسا و بەریتانیا هەیە جا لە كەرتی وزەدا بێت یاخود لە كەرتەكانی تردا.
    جەختیشیكردەوە: كێشەی ئاو لە عێراقدا پەیوەندی بەوەوە هەیە، كە زۆربەی سەرچاوەكانمان لە دەرەوەی وڵاتن بەتایبەتی لە توركیادان و پاشان ئێران، سیاسەتی وڵاتانی دراوسێ كاریگەری گەورەی هەیە لەسەر ئەو بەشە ئاوەی كە پێمان دەگات، و هۆكاری سروشتی هەن وەك باران و بەفر و پلەی گەرما، كە كاریگەرییان هەیە لەسەر بڕ و كوالیتی ئەو ئاوەی بەدەستیدەهێنین، عێراقیش پێنجەم وڵاتە كە زۆرترین كاریگەری مەترسیداری گۆڕانی كەشوهەوای لەسەرە.
    تەئكیدیشیكردەوە: چۆنێتی بەڕێوەبردنمان بۆ سەرچاوەكانی ئاو زۆر گرنگە، هەروەها لە هەموو لایەنەكانی بواری ئابوری و ژێرخاندا پشتگوێخستن هەبوە، هەروەك بەڕێوەبردنی ئاویش پشتگوێخرابوو، و پێویستیمان بە ژمارەیەكی زۆر بەنداو و بەكارهێنانی رێگای نوێی ئاودێری و هاریكاری هەیە بۆ كەمكردنەوەی بە فیڕۆدانی ئاو.