سەرۆك وەزیران ستایشی هاوكاری سێ قۆڵی نێوان عێراق و میسر و ئوردن دەكات

سیاسی
  • 1-02-2024, 16:44
  • +A -A

    بەغداد  - INA
    ئەمڕۆ پێنجشەممە، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانی، ستایشی هاوكاری سێ قۆڵی نێوان عێراق و میسر و ئوردنی كرد.
    نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران لە بەیاننامەیەكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانی، پێشوازی لە باڵیۆزی كۆماری میسری عەرەبی لە عێراق ئەحمەد سەمیر حلمی كرد، كە سڵاوی عەبدولفەتاح سیسی سەرۆك كۆمار و مستەفا مەدبولی سەرۆك وەزیرانی میسری گەیاندە سودانی، و لە دیدارەكەدا گفتوگۆكرا لەبارەی پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەكانی نێوان عێراق و میسر و بەرزكردنەوەی لایەنەكانی هاریكاری لە بوارە جیاجیاكان و هەروەها جەختكرایەوە لەسەر گرنگی پەیوەندییە مێژووییەكانی نێوان هەردوو وڵات.
    بەپێی بەیاننامەكە، سودانی ستایشی، هاوكاری سێ قۆڵی نێوان عێراق و میسر و ئوردنی كرد و باسی لە هەوڵەكانی عێراق بۆ دامەزراندنی هاوبەشی ئابووری بەردەوام كە بەشدارە لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە ئابوورییەكان كرد.
    ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: هەماهەنگییەكانی ئەم دواییە كە بووە هۆی واژۆكردنی گرێبەستێك بۆ دروستكردنی شاری نیشتەجێبوونی عەلی وەردی لەگەڵ كۆمپانیا گەورەكانی میسر لە بواری گەشەپێدانی خانووبەرەدا، هەروەها ئەو كۆمپانیا میسرییانەی كە بەشدارن لە جێبەجێكردنی پرۆژەكانی قەیرانی هاتوچۆ لە بەغدا و نەینەوا.
    هاوكات سودانی هەڵوێستی عێراقی لەسەر دەستدرێژییە بەردەوامەكانی دژی غەززە نوێكردەوەو وتیشی: پێویست كاربكرێت بۆ كۆتاییهێنان بەو كۆمەڵكوژییەی كە گەلی فەلەستین تووشی بووە.
    لای خۆیەوە باڵیۆز ئەحمەد سەمیر حلمی خواستی میسر و كۆمپانیا میسرییەكانی گەیاند بۆ فراوانكردنی ئاسۆی هاریكاری و وەبەرهێنان و رەخساندنی هەلی كار و یەكگرتنی ئابووری، بە شێوەیەك كە دەرفەتی گەشەپێدانی بەردەوامی زیاتر بۆ سوودی میسر و عێراقی دۆست دروست بكات.