هەولێر - INA
ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان دوا پەرەسەندنەكانی گفتوگۆ لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ سەبارەت بە بودجە و مووچە و تێچووی بەرهەمهێنان و نەوتی هەرێمی كوردستان تاوتوێ كرد.
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە راگەیەنراوێكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: ئەمڕۆ چوارشەممە، بە سەرپەرشتی سەرۆك وەزیرانی هەرێم مەسرور بارزانی و بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە.
لە سەرەتای كۆبوونەوەدا، سەرۆك وەزیرانی هەرێم تیشكی خستە سەر بەشداری و كۆبوونەوەكانی شاندی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتیی سەرۆك وەزیران لە كۆڕبەندی ئابووریی جیهانیی داڤۆس لە وڵاتی سویسرا لە ڕۆژانی 15-19ــــــی ئەم مانگە.
سەرۆكی حكومەتی هەرێم ئاماژەی بەوەدا: كە كۆڕبەندی داڤۆس، یەكێكە لە گردبوونەوە گرنگەكان لەسەر ئاستی جیهان، بۆیە بەشداریكردنی هەرێمی كوردستان لەو جۆرە كۆڕبەند و كۆنفرانسانەدا، گرنگییەكی زۆری هەیە و نیشانەی پێگەی گرنگی هەرێمە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا. وتیشی: بۆ یەكەمجار ئەمساڵ لە داڤۆس، (ماڵی كوردستان)مان بە بەشداری و ئامادەبوونی چەندین وەبەرهێنەری كوردستانی كردەوە بە ئاراستەی دروستكردنی پەیوەندیی ئابووری و بازرگانی لە نێوان كەرتی تایبەتی كوردستان و وەبەرهێنەرانی ناوخۆ و دەرەوە و پەرەپێدانی پرۆسەی وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان و بنیاتنانی ژێرخانێكی بەهێزی ئابووری و ڕەخساندنی دەرفەت و هەلی كاری زیاتر.
سەرۆكی حكومەتی هەرێم دووپاتی كردەوە: كە بابەتی سەرەكی كۆبوونەوەكانمان لە داڤۆس لەگەڵ بەرپرسە باڵاكانی جیهان، گرنگی پاراستنی ئاسایش و ئارامی و سەقامگیریی هەرێمی كوردستان و كۆتاییهێنان بوو بەو هێرش و پەلامارانەی دەكرێنە سەر هەرێم، جەختیشیكردەوە: كە هاوسۆزییەكی زۆری كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەگەڵ هەرێمی كوردستان هەبوو، بەتایبەتی كە هێرشی ناڕەوا و بێپاساو دەكرێتە سەر هاووڵاتییانی سڤیلی هەرێمی كوردستان.
سەرۆك وەزیران دووبارە بە ناوی ئەنجومەنی وەزیرانەوە، پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵە و كەسوكاری شەهید پێشڕەو دزەیی و هەموو شەهیدانی دیكە كرد كە بوونە قوربانی هێرش و زوڵم و ستەمێكی زۆر گەورە لە دژی خەڵكی هەرێمی كوردستان.
راگەیەنراوەكە ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە: لە بڕگەی دووەمدا، دوا پەرەسەندنەكانی گفتوگۆ لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ سەبارەت بە بودجە و مووچە و تێچووی بەرهەمهێنان و نەوتی هەرێمی كوردستان تاوتوێ كرا كە لەلایەن كەمال محەمەد ساڵح وەزیری سامانە سروشتییەكان بە وەكالەت و وەزیرە پەیوەندیدارەكانەوە خرایەڕوو.
ئەندامانی شاندی دانوستان و وەزیرە پەیوەندیدارەكان، جەختیان كردەوە: كە هەرێمی كوردستان هەموو پابەندییەكانی خۆی جێبەجێ كردووە و هەرێمی كوردستانیش پڕۆژەی خۆی سەبارەت بە هەمواری یاسای بودجەی فیدڕاڵی پێشكەش بە لایەنی فیدڕاڵی كردووە بە ئاراستەی لابردنی هەموو ئەو ئاستەنگانەی لە یاسای ئێستای بودجەی فیدڕاڵ هەن كە ڕێگرن لە ناردنی شایستە داراییەكانی هەرێم بەگوێرەی تەرخانكراوی خشتەكانی بودجە، لەپێش هەموویشیانەوە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم كە سەرەڕای بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی فیدڕاڵ بە تەمویلكردنی هەرێم بە بەشێك لە خەرجیی مووچە لە ڕۆژی 1/14 بەڵام بە داخەوە دوای تێپەڕبوونی 17 ڕۆژ تا ئێستا بڕیارەكە جێبەجێ نەكراوە.
ئەنجومەنی وەزیران جەختیكردەوە: كە هەرێمی كوردستان بە شایستەی خۆی دەزانێت لە بەرانبەر بەجێگەیاندنی پابەندییەكانی، بەشەبودجە و مووچەی شایستەی خۆی بۆ بنێردرێت هاوشێوەی سەرتاسەری عێراق، كە مووچەخۆرانی هەرێم بەهۆی ئەم دواخستن و بیانوو و ڕێكارانەوە، ماوەیەكی زۆرە مووچەكەنیان دواكەوتووە و كاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر ژیان و بژێوی دروست كردوون، ئەنجومەنی وەزیران دووپاتی دەكاتەوە كە پێویستە وەزارەتی دارایی فیدراڵ هەرچی زووە دوا بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی فیدڕاڵ جێبەجێ بكات و لە هەمان كاتیشدا هەرچی زووە ئەنجومەنی وەزیرانی فیدڕاڵ، هەمواری یاسای بودجە پەسەند بكات بەوشێوەی لەسەری ڕێككەوتوین و ڕەوانەی ئەنجومەنی نوێنەرانی بكات بۆ پەسەندكردنی تاكوو چیتر هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان بە دەست بێ بودجەیی و بێ مووچەییەوە زیانی زیاتریان بەرنەكەوێت و چارەسەرێكی بنەڕەتیی ئەم بابەتە بكرێت، ئەوەی لەسەر هەرێمی كوردستانیش بووە بە زیادەوە جێبەجێ كراوە چ لە پێشكەشكردنی زانیاری لەسەر میلاكی گشتی و داهات و خەرجییەكانی هەرێم و واڵاكردنی دەرگا و تۆماری دامەزراوەكانی هەرێم بۆ وردبینی چاودێریی دارایی فیدراڵ، بۆیە هیچ پاساو و بیانوویەك بۆ حكومەتی فیدڕاڵ نەماوەتەوە بۆ دواخستنی هەمواركردنی یاسای بودجە و بەجێگەیاندنی بەرپرسیاریەتی خۆی لە بەرانبەر دابینكردنی بودجەی هەرێمی كوردستان هەروەك لە دەستووردا جێگیر كراوە.
هەروەها لە راگەیەنراوەكەدا هاتووە، كە بڕگەی سێیەمی كۆبوونەوە تایبەت بوو بە گفتوگۆكردن لەبارەی پێشنیاری وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار سەبارەت بە دەستپێكردنەوەی گرێبەستەكانی پەیوەندیدار بە پڕۆژەكانی ماستەرپلانی شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان كە لەلایەن ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار خرایەڕوو، كە تێیدا كێشە و گرفت و پێشنیاری چارەسەر بۆ دەستپێكردنەوەی ئەو گرێبەستانە خرانەڕوو بۆ تەواوكردنی جێبەجێكردنی ماستەرپلان لەچوارچێوەی نەخشەی پەسەندكراو كە گرنگییەكی زۆری هەیە و بنەمای پێشخستن و ڕێكخستنی تەواوی سێكتەرە خزمەتگوزارییەكانی شار و شارۆچكەكانی هەرێمە و زامنی ئاراستەی فراوانبوون و بووژاندنەوەیە بۆ مەودایەكی درێژخایان بە ڕەچاوكردنی گۆڕانكارییە ئابووری و ژینگەیی وكۆمەڵایەتییەكان و دوور لە بەكارهێنانی نادروستی زەوی گشتی و بە ڕێگەگرتن لە زێدەڕۆیی و گەشەسەندنی هەڕەمەكی و بێ پلانیی سێكتەرەكان.
وێڕای ئەوەی حكومەت و هەرێمی كوردستان بە بارودۆخێكی سەختی دارایی تێدەپەرێت، بەڵام بەهۆی كاریگەریی ماستەرپلان وەك بنەمایەك بۆ پێشخستن و ڕێكخستنی تەواوی سێكتەرە خزمەتگوزارییەكانی شار و ڕێكخستنەوەی بەكارهێنانی زەوی و ئاراستەی فراوانبوون و بووژاندنەوەی شار، هەروەها بابەتەكە كاریگەری لەسەر ئەرك و ئەدای وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار هەیە و ئەو پڕۆژانەی كە گرێبەستیان لەسەر ئەنجامدراوە بە ڕاگیراوی ماونەتەوە بارگرانی لە هەموو ڕوویەكەوە لەسەر حكومەت دروست كردووە.
بۆیە لە دوای گفتوگۆكردن و ڕاگۆڕینەوە، ئەنجومەنی وەزیران پێشنیارەكانی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری پەسەندكرد و وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەكانی ڕاسپارد كە بەگوێرەی تایبەتمەندی و توانای داراییی بەردەست ڕێكاری پێویست بۆ جێبەجێكردنی ڕاسپاردەكان بگیرێنە بەر.
لە دوا بڕگەی كۆبوونەوە، ڕەشنووسی كۆتایی (ڕێنمایی كاركردنی كرێكارانی بیانی لە هەرێمی كوردستان) خرایە ڕوو كە لەلایەن لیژنەیەكی وەزاریی هاوبەش ئامادە كرابوو كە تێیدا ڕەچاوی ئەو تێبینیانە كرابوو كە لە وەزارەتە پەیوەندیدارەكانەوە لە ماوەی پێشوو ئاراستەی سكرتاریەتیی ئەنجومەنی وەزیرانیان كردبوو.
ئەنجومەنی وەزیران بە كۆی دەنگی ئامادەبووان ڕەشنووسەكەی پەسەند كرد كە ئامانج لێی ڕێكخستنەوەی دەستی كاری بیانییە لە هەرێم بە شێوەیەك بگونجێت لەگەڵ پێداویستیەكانی بازاڕی كار و ڕێكخستنەوەی پەیوەندیی گرێبەستی نێوان خاوەنكار و كرێكاری بیانی و كۆمپانیای هێنەری كرێكاری بیانی بە شێوەیەكی هاوسەنگ كە مافی هەمووانی تێدا پارێزراو بێت و پابەندیەكانی هەمووان ئاشكرا بێت و لە كاتی سەرپێچی ڕووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی ببنەوە، لە هەمان كاتدا ڕێنماییەكان بنەماكانی پاراستنی مافی كرێكاری خۆماڵی لەخۆ گرتووە و پێدانی هەلی كار بە كرێكاری بیانی تەنها لەو دەرفەت و بوارانە دەبێت كە كرێكاری خۆماڵی ناتوانێت پڕیان بكاتەوە، لە هەمان كاتدا پاراستنی مافەكانی كرێكاری بیانی بەگوێرەی پێوەرە نێودەوڵەتییە كارپێكراوەكان لەچوارچێوەی ڕێكەوتننامە جیهانییەكان بەشێكی گرنگی ڕێنماییەكە پێك دەهێنێت.
عامری سهردانی ناوچهی سنووری قائیم دهكات