بەغداد - INA
ئەمڕۆ چوارشەممە، پارێزگاری بانكی ناوەندی عەلی عەلاق، تەئكیدیكردەوە: كە بڕیار دراوە بۆ ئەوەی ژمارەیەك بانك و كۆمپانیا نەتوانن دۆلار بەدەستبهێنن بەهۆی پابەندنەبوون بە مەرجە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەكان.
عەلاق لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕایگەیاند: جیاوازییەكی زۆر هەیە لەنێوان دانانی بانكێك لە لیستی سزاكان لەلایەن نوسینگەی كۆنترۆڵكردنی سامانە بیانیەكان (OFAC) و وەستاندنی بانكێك لە مامەڵەكردن بە دۆلار، كە ئەمەش بەقەد ئەوەی پاڵنەرێكە بۆ ئەوەی بانكەكە پابەند بێت بە مەرجە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەكان لە پابەندبوون و بەرەنگاربوونەوەی سپیكردنەوەی پارە و پارەداركردنی تیرۆر.
ئاماژەی بەوەشكرد: بانكەكان دەتوانن هەڵوێست و پابەندبوونەكانیان ڕاست بكەنەوە كە پێویستە بۆ چوونە ناو مامەڵە دەرەكیەكانیان بە شێوەیەك كە سەلامەتی سیستەمی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی لە مەترسییەكان مسۆگەر بكات.
وتیشی: قسەكردن لەسەر دەركردنی بڕیارەكان لەلایەن گەنجینەی ئەمریكاوە بۆ سزادانی ژمارەیەك بانكی عێراقی نادروستە، ئەوەی لەم دواییانەدا دەرچووە تەنها پەیوەندی بە بانكی هودا و سەرۆكی ئەنجومەنی بەڕێوەبەرایەتییەكەیەوە هەیە.
رونیشیكردەوە: گەنجینەی ئەمریكا ستایشی ڕێساكانی بانكی ناوەندی بۆ بانكەكان كردووە، كە مەرج و ستانداردەكانی گواستنەوەی دەرەكی و كردنەوەی هەژماری لە بانكە بیانییە باوەڕپێكراوەكانی نێودەوڵەتی لەخۆگرتبوو.
ئاشكراشیكرد: ئەوەی سەبارەت بە بانكەكانی دیكە باس دەكرێت ئەوەیە كە بانكی ناوەندی، لە كارە بەردەوامەكانیدا، هەندێك لە بانكەكان بێبەش دەكات بە هۆكاری پەیوەست بە هۆكارەكان یان پرسەكانی پابەندبوون بە ڕێنمایی و ڕێساكان بۆ بەرەنگاربوونەوەی سپیكردنەوەی پارە و پارەداركردنی تیرۆریستان.
راشیگەیاند: لیژنەیەكی غەرامە و سزا هەیە كە هەفتانە دەیان بڕیار دەردەكات، بەتایبەتی كە دوای جێبەجێكردنی پلاتفۆرمی ئەلیكترۆنی، بانكەكان ناچارن و پێویستە پابەندی یاساكان و ستانداردە نێودەوڵەتییە دروستەكان بن.
عەلاق جەختیكردەوە: كەبانكی ناوەندی جارجارە پێداچوونەوەی بەردەوامی هەیە و بڕیاری قەدەغەكردنی مامەڵەی بانكەكان بە دۆلار دەردەكات بە ئامانجی دڵنیابوون لەوەی پابەندبوون لە ئاستی پێویست و لە چوارچێوەی ستانداردە نێودەوڵەتییەكاندایە.