هەولێر - INA
ئەمڕۆ چوارشەممە، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە ئیسپن لیندباك باڵیۆزی نەرویج لە ئوردن و عێراق كرد.
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆكی حكومەتی هەرێم لە راگەیەنراوێكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم، پێشوازی لە ئیسپن لیندباك باڵیۆزی نەرویج لە ئوردن و عێراق كرد.
لە دیدارەكەدا پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە و دوایین پەرەسەندنەكانی عێراق و ناوچەكە تاووتوێ كرا.
راگەیەنراوەكە ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: باڵیۆزی نەرویج نیگەرانی بەرامبەر هێرشی ئەم دواییەی سەر هەولێر دەربڕی و هاوخەمیی خۆی بۆ كەسوكاری قوربانییانی هێرشەكە بە سەرۆكی حكومەتی هەرێم گەیاند و پشتیوانیی وڵاتەكەی بۆ ئارامی و سەقامگیریی هەرێمی كوردستان دووپاتكردەوە. هەروەها سەرسامیی خۆیشی بە خۆڕاگری و هاوهەڵوێستیی گەلی كوردستان بەرامبەر ئەو هێرشە ناڕەوایەی كرایە سەر هەولێر نیشان دا.
هەروەها سەرۆكی حكومەتی هەرێم سوپاسی پشتیوانی و هاوسۆزیی نەرویجی كرد و جەختیكردەوە: كە پێویستە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ڕۆڵی گرنگ و كارای خۆی لە پاراستنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان و دابینكردنی مافە دەستورییەكانی بگێڕێت.