سەرۆك كۆمار: ئایندەی وزە جێگەی بایەخی عێراق و وڵاتانی جیهانە

سیاسی
  • 31-01-2024, 16:40
  • +A -A

    بەغداد  - INA
    سەرۆك كۆمار عەبدوللەتیف جەمال رەشید، ئەمڕۆ چوارشەممە، تەئكیدیكردەوە: كە ئایندەی وزە جێگەی بایەخی عێراق و وڵاتانی جیهانە.
    نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆك كۆمار لە بەیاننامەیەكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: بە چاودێری سەرۆك كۆمار عەبدوللەتیف جەمال رەشید، پانێڵێك سەبارەت بە (ئاسایش و ئایندەی وزە لە عێراق) بەڕێوەچوو، كە فەرمانگەی پلاندانان و گەشەپێدان لە سەرۆكایەتی كۆمار بە هاریكاری لەگەڵ وەزارەتەكانی نەوت و كارەبا، ئەمڕۆ چوارشەممە رێكیخست.
    بە گوێرەی بەیاننامەكە، سەرۆك كۆمار لە وتەیەكدا، رایگەیاند: سەرەتا سوپاستان دەكەم بۆ ئامادەبونتان لەم چالاكییە گرنگەدا، كە بە زنجیرەیەك چالاكی پەیوەست بە ئایندە دەستمانپێكردوە، وەك ژینگە، سەرچاوەكانی ئاو، كشتوكاڵ، پیشەسازی، فێركردن، تەندروستی، رۆشنبیری و ئابووری. كە لەڕێگەیەوە سەرنج دەخەینەسەر درێژەدان بە كارلێكی نێوان بۆچوونی شارەزایان لە لایەك و ئەوانەی بەرپرسیارن لە داڕشتنی سیاسەتی پلاندانانی ستراتیژیی گشتی.
    تەئكیدیشیكردەوە: كە ئایندەی وزە لایەنێكی بنەڕەتی بایەخپێدانی وڵاتان پێكدەهێنێت و دامەزراوەكانی توێژینەوە و ناوەندەكانی لێكۆڵینەوەش كاریان لەسەردەكەن بەهۆی گرنگییەكەی لە ئێستا و داهاتووی ئەو وڵاتانەدا، هەروەك پەیوەندی بە وڵاتانی بەرهەمهێنی نەوتیشەوە هەیە.
    وتیشی: وەك تێبینی دەكەین، هەوڵەكانی جیهان لەمڕۆدا بە ئاراستەی پاراستنی پاكوخاوێنی ژینگە و ژیانە، ئەم هەوڵانەش لەپێناو پەرەپێدانی تواناكانی كاركردنە بە وزەی نوێبوەوە و كەمكردنەوەی بەكارهێنانی سوتەمەنی بەردینە تا ئەوپەڕی بتوانرێت. هەموو ئەم بایەخپێدانانە پەیوەندییەكی نزیكیان بە پرسەكانی وزە و سوتەمەنیەوە هەیە. هەموو ئەم كێشە و ئاڵنگاریانە بابەتێكە، كە شایەنی كاری زۆر جددی و بەرهەمدارە لەلایەن ئێمەوە بۆ بەرژەوەندی ئایندەی ئابوری و كشتوكاڵی و پیشەسازی وڵات.
    ئاماژەی بەوەشدا: عێراق پابەندە بە زۆرێك لە رێككەوتننامە نێودەوڵەتییەكان، كە پەیوەندییان بە ژینگە و پاراستنیەوە هەیە، پێش ئەوەش پەرۆشی خۆمان بۆ بەهێزكردنی هەوڵەكان بۆ پاراستنی ژینگە دووپاتدەكەینەوە، هەروەها ئێمە لە چوارچێوەی سیاسەتی دەوڵەتی عێراقدا، پەرۆشییەكی گەورەمان هەیە بۆ هەمەچەشنكردنی سەرچاوەكانی داهات و پەرەپێدانی كار لە بوارە جیاجیاكاندا، بەشێوەیەك ببێتەهۆی ئەوەی لە بنەڕەتەوە پشتبەستن بە نەوت بۆ بەڕێوەبردنی دارایی عێراق، كەمبكاتەوە.
    جەختیشیكردەوە: كە ئەركی توێژەران و شارەزایان بریتییە لە ئامادەكردنی پلان و ئامانجەكانی دامەزراوەكانی دەوڵەت و پەرەپێدانی كارەكانیانە بۆ گەیشتن بە ئامانجەكانی بەرنامەی حكومەت، كە هەوڵدەدات پێشكەوتن لەم بوارانەدا بەدەستبهێنێت.
    پاشان حەیان عەبدولغەنی جێگری سەرۆك وەزیران بۆ كاروباری وزە و وەزیری نەوت  وتەیەكی پێشكەشكرد و تێیدا ئاماژەی بە ئاڵنگاریەكانی بەردەم وڵات كرد بەهۆی كاریگەرییەكانی گۆڕانی كەشوهەواوە، جەختیشیكردەوە: كە وەزارەتی نەوت لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا بەرهەمهێنانی بۆ دوو هێندە واتە بۆ (4.7) ملیۆن بەرمیل نەوت زیاد كردوە، بەجۆرێك عێراق لەو ماوەیەدا یەك لەسەر پێنجی ئەو زیادبوونە جیهانییەی لە بەرهەمهێناندا بەدەستهاتووە، پێكدەهێنێت.
    وەزیری نەوت ئاماژەی بەوەشكرد: لە بەیاننامەی كۆتایی كۆنفرانسی لایەنەكاندا ئاماژە بە پەسندكردنی سوتەمەنی نوێبوەوە وەك یەكێك لە پایەكانی گۆڕانكاری كراوە، كە پێشتر و ساڵانێكە لە دیدگای نیشتمانی و وەزاریمان بۆ پیشەسازی غاز ئامادەیە، و وتیشی: دۆسێی وزەی عێراقی لە لێواری قۆناغێكی گرنگدایە، كە تێیدا پێویستە ستراتیژیەتێكی یەكگرتوو بۆ گۆڕینی وزە و كەمكردنەوەی دەردانی گازی ژەهراوی دابنێین، بۆئەوەی گۆڕانكارییەكە ببێتە سەرچاوەیەك بۆ بوژاندنەوەی ئابووریی عێراق و خۆشگوزەرانی وڵاتەكەمان.
    دواتر وەزیری كارەبا وتەیەكی پێشكەشكرد و جەختیكردەوە: كە عێراق بە یەكێك لە پایە بنچینەییەكانی وزە دادەنرێت، ئاماژەی بەوەشدا: خاوەندارێتی دەوڵەت بۆ سەرچاوەكانی وزە، بەتایبەتی كارەبا، كاریگەری لەسەر خێرایی خوڵانەوەی چەرخی ئابوری نیشتمانی هەیە، جگە لەو سودە ئابووری و سیاسیانەی پشتگیری لە سەقامگیری دەكەن.
    هەروەك رونیكردەوە: وەزارەتی كارەبا لەڕێگەی پلانەكانییەوە كاردەكات بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی خزمەتگوزاری كارەبا بەوپێیەی یەكێكە لە پێكهاتە گرنگەكانی ئاسایشی وزە لە عێراق و یەكێكە لە پایەكانی ئاسایشی نیشتمانی لە ڕووی دەستەبەركردنی پێداویستییەكانی كاركردن لە دابینكردنی كارەبا.
    پاشان كامیل دلێمی سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی كۆمار وتەیەكی پێشكەشكرد و ئاماژەی بەوەدا: ئەم پانێڵە لە بارودۆخێكی جیهانیی ناوازە و خێراتربوونی روداوە ئەمنییەكاندا بەڕێوەدەچێت، كە ناوچەكە بەخۆوەی دەبینێت و بێگومان كاریگەری دەبێت لەسەر ئابووری جیهانی بەگشتی و لەسەر دۆسێی وزە و ئایندەی بە تایبەتی.
    سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی كۆمار رونیكردەوە: ئایندەی وزە لە وڵاتەكەماندا زۆر پێویستی بە هەنگاوی زانستی و پراكتیكی هەیە، كە هاوتەریب بێت لەگەڵ ئەو روداوانەی لە جیهاندا بە گشتی و لە ناوچەكەمان و وڵاتەكەماندا بە تایبەتی دێنە پێش، هەروەها پێویستی بە چەندین دیالۆگ هەیە، كە جددی و متمانەپێكراو و بەرپرسیارانە بن و هەماهەنگی تەواویش بكرێت لەگەڵ هەموو دامەزراوەكانی دەوڵەت بە سەرۆكایەتییەكانیانەوە، بۆ پێشخستنی دۆسیەیەك، كە بە گرنگترین دۆسیە دادەنرێت و كاریگەری لەسەر ئابوری و سیاسەت و ژیانی هاووڵاتی هەیە.
    هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: كە دۆسێی وزە لە پێش هەموو دۆسیەكانی دیكەوەیە، بەهۆی گرنگییە سیاسی و ئابورییە گەورەكانی بۆ ئێستای وڵات و ئایندەی نەوەكانی، بۆئەوەی عێراق بتوانێت جێگەی شیاوی خۆی بگرێتەوە و رۆڵی سەرەكی هەبێت لە ناوچەكەدا. لەم روانگەیەشەوە سەرۆك كۆمار راسپاردەی دەركردوە بۆ رێكخستنی سیمینار و وۆرك شۆپ بۆ پەرەپێدانی كاری دامەزراوە و فەرمانگەكانی دەوڵەت.