هەولێر-INA
ئەمڕۆ یەکشەممە،بە ئامادەبوونی "مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان،لە شاری هەولێر، کۆنفرانسی نوێنەرایەتییەکانی حکومەتی هەرێم بەڕێوەچوو.
لەبەیاننامەیەکی نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی حکومەتی هەرێم کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) ناردوویەتی تیایدا هاتووە :- لە کۆنفرانسەکەدا سەرۆکی حکومەت ووتارێکی پێشکەش کرد و جەختی کردەوە کە پەیوەندییە دەرەکی و نێودەوڵەتییەکانی هەرێمی کوردستان لە ساڵانی ڕابردوودا، زۆر بەرەو پێش چووە و گەشەی کردووە، هەروەک ژمارەی کونسوڵگەری و نێردە دیپلوماسییەکان لە هەرێمی کوردستان، لە زیادبوون و بەرفراوانبووندان.
هەر لەدڕێژەی وتارەکەیدا سەرۆکی حکومەت ڕاشیگەیاند :- کە لە بەرنامەدایە لە داهاتوودا، ژمارەی نوێنەرایەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دەرەوە، زیاتر بکەین و لە چەند وڵاتێکی دۆست و گرنگ کە کونسولگەرییان لە کوردستان هەیە، نوێنەرایەتي حكومەتی هەرێم بکەینەوە بە مەبەستی برەودان بە دۆستایەتی و پەیوەندیی ئابووری و کولتووری و زانستی و ئەکادیمی.
ئەمەی خوارەوە دەقی ووتارەکەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمە کە وەک خۆی بڵاوی دەکەینەوە :-
بە ناوی خوای گەورە و دلۆڤان
ئامادەبووانی بەڕێز
بەیانیتان باش
زۆر بەخێر بێن
دەستخۆشی لە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەم بۆ ڕێکخستنی ئەم کۆنفرانسە. بەخێرهاتنەوەی هەموو نوێنەرەکانی حکومەت دەکەم،هیوادارم لە ڕۆژانی کۆنفرانسدا،گفتوگۆیەکی باش و بەرهەمدار بکرێت و ئەنجام و ڕاسپاردە و پێشنیارەکان، لە خزمەتی بەرەوپێشبردنی زیاتری پەیوەندییەکانماندا بێت.
جێی خۆشحاڵییە کە پەیوەندییە دەرەکی و نێودەوڵەتییەکانی هەرێمی کوردستان لە ساڵانی ڕابردوودا، زۆر بەرەو پێش چووە و گەشەی کردووە. ژمارەی کونسوڵگەری و نێردە دیپلوماسییەکان لە هەرێمی کوردستان، لە زیادبوون و بەرفراوانبووندایە، هەروەها لە بەرنامەماندایە لە داهاتوودا، ژمارەی نوێنەرایەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دەرەوە، زیاتر بکەین و لە چەند وڵاتێکی دۆست و گرنگ کە کونسولگەرییان لە کوردستان هەیە، نوێنەرایەتيی حكومەتی هەرێم بکەینەوە بە مەبەستی برەودان بە دۆستایەتی و پەیوەندیی ئابووری و کولتووری و زانستی و ئەکادیمی.
لە ڕووی نێودەوڵەتییەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەنگاوی زۆر باشی ناوە، چ لە ڕووی سەردانی شاندی باڵای وڵاتان بۆ هەرێمی کوردستان یان بەشداریکردنی هەرێمی کوردستان لە کۆڕ و کۆڕبەند و کۆنفرانسە نێودەوڵەتییەکاندا.
هەرێمی كوردستان، وەک قەوارەیەکی دەستووری و یاسایی لە عێراق، هەمیشە فاکتەری ئاسایش و ئارامی بووە لە عێراق و ناوچەکە و خوازیاری باشترین پەیوەندییە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە گشتی. ئامانجمان پەرەپێدان و بەهێزکردنی پەیوەندییە دەرەکی و نێودەوڵەتییەکانمانە لەسەر بنەمای بەرژەوەندیى هاوبەش و ڕێز لەیەکترگرتن.
حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەلماندوویەتی کە هاوبەشێکی گرنگ و کارای کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە و لە چەندین بواردا، جێی بایەخی وڵاتانی جیهانە، بە تایبەتی کە هەرێمەکەمان ناوچەیەکی سەقامگیر و مەڵبەندی بەیەکەوەژیانی ئاشتییانەی پێکهاتە جیاوازەکانە.
هەرێمی کوردستان هەرگیز مایەی هەڕەشە و مەترسی نەبووە بۆ هیچ لایەک و هەمیشە دەستی دۆستایەتیمان بۆ هەموو وڵاتانی ناوچەکە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە گشتی درێژ کردووە. بۆیە پێویستە بەرژەوەندییە هاوبەشەكانمان لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە و وڵاتانی جیهان لەبەرچاو بگیرێ و بپارێزرێ و پێویستە سەروەریى هەرێمی کوردستان و عێراق، ڕێزی لێ بگیرێت و پێشێل نەکرێت.
لێرەدا بە پێویستی دەزانين سوپاسی هەموو ئەو وڵاتانە بکەين کە هەر لە دوای دەرچوونی بڕیاری 688 ی ئەنجومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان و هاتنەکایەی قەوارەی هەرێمی کوردستان و هەڵبژاردنی پەرلەمان و دامەزراندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هاوكار و یارمەتیدەری هەرێمی کوردستان بوون لە قۆناخە جیاواز و سەختەکاندا، بە تایبەتی لە تێکشکاندنی تیرۆریستانی داعش، پشتیوانیان لێ کردووین و بەردەواميشن لە پشتیوانیکردنمان.
هەرێمی کوردستان شانازی بە پەیوەندی لەگەڵ دۆستە نێودەوڵەتییەکانی دەکات و پابەندبوونی خۆشی، بە پەرەپێدانی بنەماکانی دیموکراسی و بەیەکەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان پێکهاتە جیاوازەکان و سەروەری یاسا و هەموو بەها هاوبەشەکانمان لەگەڵ وڵاتانی دیموکرات و پێشکەوتوو، دووپات دەکاتەوە.
بەڕێزان :
ئێمە ڕەوەندێکی بەهێز و گەورەی کوردستانیمان لە تاراوگە هەیە، کە ڕۆڵێکی گرنگ و بەرچاویان لەو وڵاتانەی لێی دەژین هەیە و لە هەندێک لەو وڵاتانە، لە بوارەکانی سیاسی و پەرلەمانی و زانستی و ئەکادیمیدا، خاوەن پێگەیەکی دیار و ڕێزلێگیراون و کەسانی بەهرەمەند و داهێنەر و بلیمەت و زانایان تێدایە. ئێمە شانازی بە دەستکەوت و سەرکەوتنەکانی ڕەوەندی کوردستانییەوە دەکەین و هیوادارین نموونەیەکی جوان و گەشی کۆمەڵگەکەمان بن لە دەرەوە و ڕۆڵی گرنگی خۆیان، لە ناساندنی کولتووری کوردستانی و داکۆکیکردن لە مافەکانی گەلی کوردستان بگێڕن و يارمەتیدەر و هاوکاری پرۆسەی ئاوەدانی و چاکسازی و بنیاتنانی ژێرخان و پێشخستنی کوردستان بن.
پێویستە نوێنەرایەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دەرەوە و ڕەوەندی کوردستانی، هەماهەنگی و هاریکاری و پەیوەندییەکی باشیان لە نێواندا هەبێت و نوێنەرایەتییەکانی حکومەتی هەرێم، ماڵی کوردستانیيان بن و هەموو ئاسانکارییەکی پێویستیان پێشکەش بکەن و هەردوولا سوود لە یەکتر وەربگرن لە پێناو زیاتر ناساندنی دۆز و پرسی گەلەکەمان و دروستکردن و پەرەپێدانی پەیوەندیی سیاسی و ئابووری و بازرگانی لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە کە لە خزمەتی بەرژەوەندییە باڵاكانی کوردستان بێت.
بەڕێزان:
حکومەتی هەرێمی كوردستان ، لە ماوەی ڕابردوودا ، ڕووبەڕووی چەندین قەیرانی سیاسی و ئەمنی و ئابووری و دارایی بووەتەوە و ناحەزان هەوڵیانداوە بە هەموو شێوەیەک، کێشە و ئاستەنگ بۆ پێشکەوتن و ئاوەدانی و سەقامگیریی کوردستان دروست بکەن، بەڵام بە پشتیوانیی خوای گەورە و خۆڕاگریى خەڵکی کوردستان و پێشمەرگە قارەمانەکانمان، بەسەر هەموو کۆسپ و ئاستەنگەکان زاڵ دەبین، چونکە ئیرادەی میللەتەکەمان لە هەموو پیلانێک بەهێزترە. بۆیە لەژێر هیچ گوشارێکدا، دەستبەرداری مافەکانمان نابین.
لە کۆتاییدا هیوای سەرکەوتن بۆ کۆنفرانسەکەتان دەخوازم و خوازیارم ئەنجامی باشی هەبێت و ببێتە مایەی پێشخستنی زیاتری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانمان.
هەر شاد و سەرکەوتووبن و کوردستانیش هەر ئاوەدان بێت.