بەغداد-INA
ئەمڕۆ شەممە، ئەنجوومەنی نوێنەران ڕایگەیاند،کە دانیشتنەکەی ئەمرۆ بۆ ڕۆژی دووشەممەی داهاتوو هەڵدەگرێت.
فەرمانگەی ڕاگەیاندنی پەرلەمان لە بەیاننانەیەکدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) ناردوویەتی، تیایدا هاتووە :- ئەنجوومەنی نوێنەران بڕگەی یەکەمی کارنامەی خۆی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی ئەنجوومەنی نوێنەران دواخست تا ئەو کاتەی داوای یاساییەکان لەلایەن دادگای فیدراڵیەوە یەکلایی دەکرێتەوە.
وەک بەیاننامەکە ئاماژەی پێداوە:- ئەنجومەنی نوێنەران دەنگی لەسەر ڕەشنووسی یاسای قەرەبووکردنەوەی تووشبووانی نەخۆشی کەمی بەرگری لەش دا، هاوکات ئەنجومەنی نوێنەران دەنگدانی لەسەر ڕەشنووسی یاسای بەکرێدانی زەوییە کشتوکاڵییەکان دواخست.
هەر بەپێی بەیاننامەکە :- ئەنجومەنی نوێنەران خوێندنەوەی یەکەمی تەواو کرد لەبارەی ڕەشنووسی یاسای پەسەندکردنی ڕێککەوتنی کەرتی خزمەتگوزارییەکانی گواستنەوەی ئاسمانی لەنێوان حکومەتی کۆماری عێراق و حکومەتی کۆماری عەرەبی سوری.
لە درێژەی بەیاننامەکەدا هاتووە:- ئەنجوومەنی نوێنەران خوێندنەوەی یەکەمی بۆ پڕۆژە یاسای پەسەندکردنی ڕێککەوتنی لێخۆشبوونی هاوبەش لە مەرجەکانی ڤیزەی چوونە ناوەوە بۆ هەڵگرانی پاسپۆرتی دیپلۆماسی لەنێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی کۆریای باشوور تەواوکرد. هەروەک گفتوگۆکرا لەسەر ڕەشنووسی یاسای پەسەندکردنی کۆماری عێراق لە پرۆتۆکۆڵی عەرەبی بۆ ڕێگریکردن و بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ، بەتایبەتی ژنان و منداڵان، هاوکات دانیشتنەکە بۆ رۆژی دووشەممەی داهاتوو هەڵگیرا .