بەغداد - INA
ئەمڕۆ پێنجشەممە، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانی، تەئكیدیكردەوە: كە عێراق بەرەو گەشەپێدانی گەورە و پڕۆژەی ستراتیژی و هاوبەشی ئابووریی بەرهەمدار هەنگاو دەنێت.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆك وەزیران لە بەیاننامەیەكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانی، ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، پێشوازیكرد لە شاندێكی ئومەنا و پارێزگاری پایتەختە عەرەبییەكان بە سەرۆكایەتی ئەمینداری گشتی ڕێكخراوی شارە عەرەبییەكان عەبدولرەحمان هیشام عسفور، و لە سەرەتای دیدارەكەدا سودانی بەخێرهاتنی میوانە عەرەبەكان و كۆبوونەوەكەیانی كرد، كە دوای دابڕانی زیاتر لە سێ دەیە لە بەغدا بەڕێوەچوو، هەروەك جەختی لە ئامادەیی هەمیشەیی بەغدا و توانای میوانداریكردنی سەرجەم میوانەكانی كردەوە، جا ئەگەر برای عەرەب بن یان دۆست.
بەپێی بەیاننامەكە، سەرۆك وەزیران تەئكیدیكردەوە: كە عێراق بەرەو گەشەپێدانی گەورە و پڕۆژەی ستراتیژی و هاوبەشی ئابووری بەرهەمدار هەنگاو دەنێت، و وتیشی: حكومەتی عێراق باشتركردنی هەمەلایەنەی بەغدا و باقی شارەكانی عێراق لە ئەولەوییەتی كارەكانیدایە، هەروەها كراوە بێت بۆ ئەزموونی سەركەوتووی برا و دۆستەكانی لە ڕووی پشتبەستن بە تەكنەلۆژیا و ڕێگا پێشكەوتووەكان لە پەرەپێدانی شار و هەموو كەرتەكانی خزمەتگوزاری.
سودانی راشیگەیاند: لە كاتێكدا ئێمە بەدوای باشترین ڕێگاكاندا دەگەڕێین بۆ گەشەپێدان و پێشخستنی شارەكانمان، غەزە لەبەردەممان وەستاوە بەهۆی وێرانكاری سیستماتیكی و نەبوونی ئامرازە بنەڕەتییەكانی بژێوی ژیان بەهۆی ئەو دوژمنكاری و تاوانە نامرۆڤانەیەی كە لەلایەن دەسەڵاتدارانی داگیركەرەوە دژی گەلی فەڵەستین ئەنجام دراوە، هەروەها پشتیوانی خۆی بۆ دامەزراندنی سندوقی پشتیوانی و بنیاتنانەوەی كەرتی غەزە دووپاتكردەوە دوای ڕاگرتنی هێرشەكان، دەستپێشخەرییەك كە عێراق لە میانەی لوتكەی ئاشتی قاهیرە كە لە تشرینی یەكەمی ساڵی ڕابردوو بەڕێوەچوو، پێشوازییەكی زۆری لێكرا.