بەسەرپەرشتی قوباد تاڵەبانی تیمی وەزاری حكومەت لەگەڵ چەند كارسازێك و رێكخراوەكانی كارسازی و داهێنان كۆدەبێتەوە

سیاسی
  • 25-01-2024, 18:57
  • +A -A

    سلێمانی - INA
    بە سەرپەرشتی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، تیمی وزاری حكومەت لەگەڵ چەند كارسازێك و چەند رێكخراوێكی تایبەتمەند بە كارسازی و داهێنان كۆبووەوە.
    نوسینگەی راگەیاندنی قوباد تاڵەبانی لە راگەیەنراوێكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: لە چوارچێوەی یەكەمین كۆڕبەندی نێودەوڵەتیی سلێمانی بۆ كارسازی و داهێنان، بە سەرپەرشتی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، تیمی وزاری حكومەت لەگەڵ چەند كارسازێك و چەند رێكخراوێكی تایبەتمەند بە كارسازی و داهێنان كۆبووەوە.
    ئاشكراشیكرد: لە كۆبوونەوەكەدا كە ئەمڕۆ پێنج شەممە، لە سلێمانی بەڕێوەچوو، لە چوارچێوەی پلانەكانی كۆڕبەندەكەدا گفتوگۆكرا لەسەر دانانی میكانیزمێك بۆ رێكخستنەوەی پەیوەندیی نێوان  حكومەت و كەرتی تایبەت لەگەڵ كارسازان و عەقڵە داهێنەرەكان و ناوەندە ئاكادیمییەكان.
    رونیشیكردەوە: دوای باس كردنی كێشە و گرفتەكانی بەردەم داهێنەران و كارسازان، تاوتوێی چەند ڕێوشوێنێك كرا بۆ پشتگیریكردنی كارسازان و گەنجانی داهێنەر و پڕۆژە بازرگانییە بچوكەكان.
    جەختیشیكردەوە: هەر لەم چوارچێوەیەشدا بۆ ئاسانكاریكردن بۆ كارسازان و پشتگیریكردنی خاوەنكارە تازەكان چەند بڕیار و راسپاردەیەك سەبارەت بە لێخۆشبوون لە باج لە خاوەنكارە نوێیەكان و كردنەوەی یەكەی تایبەت بە وەڵامدانەوەی خێرای داواكاری تۆماری كۆمپانیا و بەمەنهەجكردنی كارسازی لە خوێندی باڵادا، بڕیار و راسپاردەكانیش دواتر  ئاراستە لایەنەپەیوەندیدارەكان دەكرێن بەمەبەستی جێبەجێ كردنیان.