هەولێر - INA
ئەمڕۆ پێنجشەممە، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەبۆنەی جەژنی یارانی قەولتاس پیرۆزبایی ئاراستەی خوشك و برایانی كاكەیی كرد.
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆكی حكومەتی هەرێم لە بەیاننامەیەكدا بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەبۆنەی هاتنی جەژنی یارانی قەولتاس، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی خوشك و برایانی كاكەیی( یارسانان) لە كوردستان و جیهان دەكات، هیوادارە لە كەشێكی پڕ لە خۆشی و ئاسوودەییدا جەژن بەسەر ببەن.
بەپێی بەیاننامەكە، مەسرور بارزانی رایگەیاندووە: كە كاكەییەكان پێكهاتەیەكی رەسەنی گەلی كوردستانن و رۆڵێكی دیار و گرنگییان لە بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی كوردستاندا گێڕاوە و هەمیشە بە ڕێز و پێزانینەوە، خەبات و تێكۆشان و قوربانیدانەكانیان بەرز دەنرخێنین و پابەندبوونمان بە داكۆكیكردن لە مافەكانیان دووپات دەكەینەوە.