بەغدا - INA
سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران محەممەد شیاع سودانی ، ئەمڕۆ پێنجشەممە، پشتڕاستی کردەوە کە کاتی هەنگاونان بۆ پەیوەندییە دووقۆڵییەکان لەگەڵ وڵاتانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی گەیشتووە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستییە چیتر مەترسی لەسەر دەوڵەتی عێراق دروست ناکات.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران لە راگەیندراویكدا لە بەدەستی ئاژانسی هەواڵی عێراقی كەوتووە تێیدا هاتووە" سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران محەممەد شیاع سودانی، بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە پێشوازی لە وەزیری دەرەوەی ئیسپانیا خۆسییە مانوێل ئەلبارێس و شاندەكەی یاوەری كرد ".
لە میانی دیدارەکەدا سودانی" باسی لە گرنگی پەیوەندییەكانی نێوان عێراق و ئیسپانیای كرد و هەوڵدان بۆ بەهێزكردنیان لەسەر ئاست و بوارە جۆراوجۆرەكاندا و ئاماژەی بە ئاڵوگۆڕی سەردانە سەركەوتووەكانی نێوان بەرپرسانی هەردوو وڵاتی كرد، كە دوایینیان سەردانی سەرۆك وەزیرانی ئیسپانیا پێدرۆ سانچێز بوو بۆ بەغداد لە مانگی ڕابردوودا".
سەرۆک وەزیران جەختی لەسەر خواستی عێراق كردەوە بۆ ڕاكێشانی كۆمپانیا ئیسپانییەكان بە مەبەستی بەشداریكردن لە پڕۆژەكانی گەشەپێدان و ژێرخانە ستراتیژییەكان لە عێراقدا، كە لە هەمووی گرنگتر پڕۆژەكانی بەندەری فاو مەزن و شاری پیشەسازی و ڕێگای گەشەپێدانە، بەپێی ئەو ئەزموون و ناوبانگییەی كە ئەو كۆمپانیایانە هەیانە لە جێبەجێكردندا
سەرۆک وەزیران دووپاتیکردەوە "هەڵوێستی عێراقی نوێكردەوە سەبارەت بە ئەركی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش لە عێراق و ئاماژەی بەوەدا كە ڕێكخراوە تیرۆریستییەكان چیتر هەڕەشە نین بۆ سەر دەوڵەتی عێراق و هێزە چەكدارەكانمان توانای ئەوەیان هەیە بە تەواوی ئەركەكانی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری جێبەجێ بكەن و ڕووبەڕووی هەڕەشەكان ببنەوە و كاتی ئەوە هاتووە هەنگاو بنێن بۆ پەیوەندییە دوو قۆڵییەكان لەگەڵ هەموو وڵاتانی هاوپەیماندا".
سودانی "هەڵوێستی ئیسپانیای بەرز نرخاند سەبارەت بە هێرشەكانی سەر غەزە و داوای چڕكردنەوەی فشارە نێودەوڵەتییەكانی كرد بۆ پێشگرتن لە تەشەنەسەندنی ململانێكان و گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەكان بۆ گەلی فەڵەستین بە شێوەیەكی خێرا".
لە لای خۆیەوە، وەزیر ئەلبارێس سڵاوی سەرۆك وەزیرانی ئیسپانیای گەیاندە بەڕێزیان و جەختی لە سەر خواستی حكومەتەكەی كردەوە بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەكان و بەهێزكردنی كارەكانی لیژنەی هاوبەشی عێراق و ئیسپانیا و چاوەڕوانی دەستپێكردنی چوارەم خولی دیالۆگی دوو قۆڵی نێوان هەردوو وڵات دەكات.
هەروەها وەزیری دەرەوەی ئیسپانیا ئاماژەی بە كارەكانی ڕاوێژكارانی ئیسپانیا كرد لە عێراق لەنێو هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتیدا و جەختی لە پشتیوانیكردنی حكومەتەكەی كردەوە بۆ هەر بڕیارێك كە عێراق لەم بارەیەوە بیدات و عێراق هاوبەشێكی سەرەكییە بۆ وڵاتەكەی و هێشتا هەوڵەكان بەردەوامن بۆ دۆزینەوەی دەرفەتی هاوبەشی زیاتر.
ئەلبارێس ڕوونیكردەوە كە وڵاتەكەی هەوڵدەدات بۆ بەدیهێنانی ئاگربەستێك لە غەزە و هەڵگرتنی ئەو گەمارۆیەی بەسەر دانیشتووانی غەزەدا سەپێنراوە و داوای كۆنفرانسێكی ئاشتی گشتگیر دەكات بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێكی فەڵەستینی.