قوباد تاڵەبانی : سلێمانی ئەو شارەیە هەمیشە پێشەنگی داهێنان و روبەڕوبوونەوەی ئاڵنگارییەكان بووە

سیاسی
  • 25-01-2024, 14:15
  • +A -A

    هەولێر - INA
    ئەمڕۆ پێنج شەممە بۆ یەكەمجار لە هەرێمی كوردستان و عیراق كۆڕ‌بەندی نێودەوڵەتی داهێنان و كارسازی بە بەشداری ٣٠٠ میوانی تایبەت و كونسوڵی وڵاتان و خاوەنكارو وەبەرهێن، لەسلێمانی دەستیپێكرد، لە كۆڕبەندە كونسوڵی وڵاتان و نوێنەری حكومەت و ئەكادیمیستان و وەبەرهێنەرانی ناوخۆ و بیانی و رێكخراوە ناحكومییەكان و مامۆستایانی زانكۆ ئامادەبوون، و لە كۆڕبەندەكەشدا قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم وتارێكی پێشكەش كرد و رایگەیاند" خۆشحاڵم لە سلێمانی كۆبووینەتەوە، چونكە ئەم شارە هەمیشە پێشەنگی داهێنان و روبەڕوبوونەوەی ئاڵنگارییەكان بووە".
     قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لە میانەی وتارێكیدا كە لە یەكەمین كۆڕبەندیی نێودەوڵەتی سلێمانی بۆ كارسازی و داهێنان پێشكەشیكرد رایگەیاند:" سلێمانی هەمیشە لە دەستپێشخەری، نوێگەری و رووبەڕوبوونەوەی ئاڵنگاری پێشەنگ بوو". ئاماژەی بەوەشكرد:" بە دڵنیاییەوە ئەمڕۆ نەهاتووینەتە ئێرە تەنها بۆ ئەوەی گفتوگۆی بابەتێك بكەین یاخود گوێ لە گلەیی و پێشنیارەكان بگرین، بەڵكو هاتووین بۆ ئەوەی پەنجە بخەیەنە سەر برینەكان و بزانین ئەو بەربەستانە چین كە لەبەردەم بازاڕی ئابووری هەرێمدا هەن، هەروەها كۆبووینەتەوە بۆ ئەوەی چارەسەری زیرەك بۆ كێشەكان بدۆزینەوە". وتیشی:" چاوەڕێم لەم كۆڕبەندەدا بە بڕیار و ئەنجامەوە دەرچین، بڕیار بدەین كار و چالاكییەكانی داهێنەرەكانمان ئاسانتر بكەین و هانی وەبەرهێنەران بدەین كە پاڵپشتیان بكەن".
    قوباد تاڵەبانی ئەوەشی راگەیاند" راستە كێشەمان زۆرە، كێشەی ئەمنی، ئابووری، مووچە، سیاسی بەڵام من دڵنیام ئێمە زاڵدەبین بەسەر ئەو كێشانەی رووی لە هەرێمی كوردستان كردووە، راستە ناتوانین وەك نەیارەكانمان بەهێزبین، بەڵام دەتوانین بەهێزتربین".