بەغداد - INA
ئەمڕۆ هەینی، شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی، تەئكیدی لە بوونی ئەو پلانانەی كردەوە كە لەلایەن محەمەد شیاع سودانی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانەوە پشتیوانی دەكرێن بۆ باشتركردن و پەرەپێدانی تواناكانی هێزی ئاسمانی سوپا و هێزی ئاسمانی و بەرگری ئاسمانی.
سەرۆكی شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی، لیوا تەحسین خەفاجی، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند: سوپای عێراق لە پۆلێنكردنی سوپای عەرەبی پلەی چوارەمی بەدەستهێناوە و لە پلەی 45ی جیهاندایە بەپێی ئەنجامی ئەو ڕاپرسیانەی كە لەلایەن ناوەندەكانی وڵاتانی پێشكەوتووەوە ئەنجامدراون و پشتڕاستی دەكەنەوە كە شایەنی ئەو پلە و پایەن.
ئاماژەی بەوەشكرد: لەماوەی ئەمساڵدا هەوڵدەدەین سوپا پڕچەك بكەین بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئاستەنگەكان، كاری گەورەش هەیە بۆ پڕچەككردن و پەرەپێدانی سیستەمەكانمان بەتایبەتی لەبواری بەرگری ئاسمانیدا.
خەفاجی باسی لە پەرەپێدانی هێزی ئاسمانی كرد و وتی: هێزی ئاسمانی سوپا و هێزی ئاسمانی زۆر گرنگن بۆ بەرزكردنەوەی تواناكان لە بەدواداچوونی تیرۆر و سەپاندنی ئیرادە و دەسەڵاتی وڵات.
جەختیشیكردەوە: فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان محەمەد شیاع سودانی، زۆر پاڵپشتی پەرەپێدانی تواناكان دەكات، بەتایبەتی بۆ هێزی ئاسمانی عێراق، پێشتریش كۆبوونەوەیەكی لەگەڵ وەزیری بەرگری، جێگری فەرماندە لە ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان و سەرۆكی ئەركانی سوپا و ژمارەیەك فەرماندەی سەربازی دیكە ئەنجامدا، لە كۆبوونەوەكەدا وەڵامدانەوەیەكی گەورە و پشتیوانییەكی گەورەمان لەلایەن سەرۆك وەزیرانەوە بینی كە كار دەكرێت بۆ پڕچەككردن و پەرەپێدانی سیستەمەكانمان بەتایبەتی لە بواری بەرگری ئاسمانی و هێزی ئاسمانی سوپادا.
خەفاجی ئاماژەی بەوەشدا: گەشەپێدانی تواناكانی هێزی ئاسمانی و ئاسمانی سوپا پێویستی بە توانایەكی زۆری دارایی و ژێرخان و ڕاهێنان هەیە و ئێمە ئێستا بەو شێوەیە بەردەوام دەبین كە لەلایەن دەسەڵاتدارانی باڵاوە پلانی بۆ دانراوە و هیوادارین لە ماوەی ئەمساڵدا پێشكەوتن بەدەست بهێنین.