بەغداد - INA
ئەمڕۆ هەینی، سێ سەرۆكایەتییەكە و سەركردە سیاسییەكان پیرۆزبایی سەركەوتنی هەڵبژاردەی نیشتمانییان كرد بۆ قۆناغی دووەمی جامی ئاسیا دوای ئەوەی بە دوو گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێك لە هاوتا ژاپۆنییەكەی بردەوە.
سەرۆك وەزیران لە پۆستێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی (X) كە ئاژانسی هەواڵی عێراقی بەدواداچوونی بۆ كردووە، رایگەیاند: سڵاوێكی گەورە بۆ پاڵەوانانی هەڵبژاردەی نیشتمانیمان؛ بۆ درەوشاوەیی و سەركەوتنیان بەسەر هەڵبژاردەی ژاپۆنیدا.
ئاماژەی بەوەشكرد: ئێوە ناوی عێراقتان بەرزكردۆتەوە، و شادیتیان هێنا بۆ دڵی گەلی عێراقمان لە هەموو شوێنێك. ئێوە هەموو پاڵپشتی و پشتگیرییەكی ئێمەتان هەیە، هەروەها سوپاس و پێزانین بۆ ستافی تەكنیكی، بەرپرسانی یەكێتی تۆپی پێ، و ئەو هاندەرە گەورانەی كە هانیان دا و هاوكاریان كرد.
لە لایەكی دیكەوە، سەرۆك كۆمار عەبدوللەتیف رەشید لە پۆستێكدا لە تۆڕی كۆمەلایەتی (X) كە ئاژانسی هەواڵی عێراقی بەدواداچوونی بۆ كردووە، وتی: سوپاس بۆ پاڵەوانەكانی هەڵبژاردەی نیشتمانیمان، سوپاس بۆ هاندەرانی پاڵپشت، پیرۆزبایی لە هەموو عێراقییەكان دەكەین بۆ ئەم سەركەوتنە گەورەیە.
لای خۆیەوە، موحسین مەندەلاوی، سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران بە وەكالەت ئەمڕۆ هەینی ڕایگەیاند: زۆر دڵخۆشین بە سەركەوتنی هەڵبژاردەی تۆپی پێی نیشتمانیمان بەسەر هاوتا ژاپۆنیەكەی لە پاڵەوانێتی جامی ئاسیا كە لە دۆحە بەڕێوەچوو.
مەندەلاوی لە بەیاننامەیەكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: لە كاتێكدا پیرۆزبایی لە پاڵەوانانی هەڵبژاردەی نیشتمانی دەكەین بۆ ئەو هەوڵانەی كە لە ئەنجامدا سەركەوتنەكەیان بەدەستهێناوە، سوپاسێكی زۆرمان ئاراستەی هاندەرانی وەرزشی ئامادەبوو لەگەڵ هەڵبژاردەی نیشتمانی دەكەین بۆ ئەو پشتگیرییە بێهاوتایەی لە یاریگاكان كە یارییان تیادا ئەنجامدرا، هەروەها پیرۆزبایی لە گەلە بەڕێزەكەمان دەكەین بۆ ئەم سەركەوتنە وەرزشییە.
ئاماژەی بەوەشكرد: پێویستە سوپاسی هەوڵەكانی ستافی مەشق و ڕاهێنان بكەین كە لەلایەن خیسوس كاساس و تیمی مەشقەكانییەوە سەرپەرشتی دەكرێت، بۆ بەشداریكردنی لە بەدەستهێنانی ئەم سەركەوتنە شانبەشانی هەڵبژاردەی نیشتمانیمان.
هاوكات سەرۆكی ڕەوتی حیكمە سەید عەمار حەكیم، لە پۆستێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی (x) كە ئاژانسی هەواڵی عێراقی بەدواداچوونی بۆ كردووە؛ رایگەیاند: سەركەوتنێكی دیكە بۆ هەڵبژاردەی تۆپی پێی نیشتمانیمان زیادكرا بۆ ژمارەی پێوانەیی خۆی لە جامی نەتەوەكانی ئاسیا، كە لە دەوڵەتی قەتەر بەڕێوەدەچێت، دوای ئەوەی كە لە ڕكابەرەكەی لە هەڵبژاردەی ژاپۆنی بردەوە.
وتیشی: لە كاتێكدا پیرۆزبایی لە خەڵكی خۆشەویستمان دەكەین بۆ ئەم دەستكەوتە بەرچاوە، هیوادارین شێرەكانی رافیدەین بەردەوام بن لە گەشتە زیرەكەكان و ناوی عێراق بەرز بكەنەوە لەم كۆڕبەندە كیشوەرییە گرنگەدا.