هەولێر - INA
ئەمڕۆ چوارشەممە، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، بەجیا لەگەڵ ئالینا ڕۆمانۆوسكی باڵیۆزی ئەمریكا و ستیڤن هیچن باڵیۆزی بەریتانیا كۆبوەوە.
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆكی هەرێم لە دوو راگەیەنراوی جیادا، دەڵێت: ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە ئالینا ڕۆمانۆوسكی، باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق كرد.
لە كۆبوونەوەیەكدا دۆخی سیاسیی عێراق و هەرێمی كوردستان و دوایین پێشهاتە ئەمنییەكان و بەئامانجگرتنی هەولێر، پەیوەندییەكانی هەولێر ـ بەغدا و پەیوەندییەكانی ئەمریكا لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان، تاوتوێ كران.
لە كۆبوونەوەكەدا ڕۆمانۆوسكی بەردەوامیی پشتگیریی ئەمریكای بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان دووپاتكردەوە و ئامادەیی وڵاتەكەی بۆ برەودان بە پەیوەندییەكان و فراوانكردنی هاریكاری هاوبەشی نێوانیان دەربڕی.
هەروەها دۆخی ناوچەكە و ئاڵۆزییەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و چەند پرسێكی دیكەی جێی بایەخی هاوبەش، تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكە بوون.
هاوكات نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆكی هەرێم رایگەیاند: هەر ئەمڕۆ چوارشەممە، نێچیرڤان بارزانی لە دیدارێكدا لەگەڵ ستیڤن هیچن باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق، دەربارەی پەیوەندییەكانی بەریتانیا لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان، گفتوگۆی هەولێر ـ بەغدا بۆ چارەسەركردنی كێشەكانیان و هێرشەكانی سەر هەولێر، بیروڕایان گۆڕییەوە.
هەردوولا بە ئەرێنی پێشكەوتنەكانی گفتوگۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدراڵیی عێراقیان هەڵسەنگاند و هیوایان خواست بۆ چارەسەركردنی كێشەكانیان بگەنە لێكگەیشتنی هاوبەش، هەروەها جەختیان لە گرنگیی پاراستنی ئارامی و سەقامگیریی عێراق و ناوچەكە كردەوە.
هەروەها دۆخی ناوچەكە بەگشتی، ئاڵۆزییەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەگەر و لێكەوتەكانی، تەوەرێكی دیكەی دیدارەكە بوو.