بەغداد - INA
ئەمڕۆ چوارشەممە، جێگری سەرۆك وەزیران و وەزیری دەرەوە فوئاد حسێن، و وەزیری دەرەوەی فینلەندا ئێلینا ڤالتۆنین، تەئكیدیانكردەوە: كە سەقامگیریی ناوچەكە رەنگدانەوەی ئەرێنی لەسەر ئاسایشی ناوخۆی عێراقە.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی وەزارەتی دەرەوە لە بەیاننامەیەكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: فواد حسێن جێگری سەرۆك وەزیران و وەزیری دەرەوە، لە پەراوێزی كۆبوونەوەی ساڵانەی كۆڕبەندی ئابووری جیهانی 2024 لەگەڵ وەزیری دەرەوەی فینلەندا ئێلینا ڤالتۆنین كۆبووەوە،و لە كۆبوونەوەكەدا باس لە پەرەپێدانی پەیوەندییە دوو قۆڵییەكانی نێوان هەردوو وڵاتی دۆست و هەماهەنگی هاوبەش لە بوارە جۆراوجۆرەكاندا كرا، بەتایبەتی لە بواری كۆچدا.
ئاماژەی بەوەشكرد: وەزیر باسی لە دەستدرێژییەكانی ئەم دواییەی ئێران كرد، و جەختی لەسەر پەنابردنی عێراق بۆ ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و ئیدانەكردنی دەستدرێژییەكانی ئێران كردەوە.
هەر لە بەیاننامەكەدا هاتووە، كە لە كۆبوونەوەكەدا هەردوولا گفتووگۆیان كرد لەبارەی دۆخی غەززە و هەڵوێستی عێراق بۆ پشتیوانی لە فەلەستینییەكان و پێویستی ڕاگرتنی شەڕ و گەیاندنی هاوكاری مرۆیی بۆ كەرتی غەززە، جگە لە بارودۆخی سیاسی و گرنگی سەقامگیری لە ناوچەكەدا، جەختكردنەوە لەسەر كاریگەرییە ئەرێنییەكانی لە ئاسایشی ناوخۆی عێراق بەتایبەتی و ناوچەكە بەگشتی.
لە كۆتایی بەیاننامەكەدا هاتووە، كە لە كۆبوونەوەكەدا، حسێن بانگهێشتی هاوتا فینلەندییەكەی كرد بۆ ئەوەی سەردانی عێراق بكات.