هەولێر - INA
ئەمڕۆ چوارشەممە، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە داڤۆس، لەگەڵ ئیمانوێل ماكڕۆن سەرۆكی فەرەنسا كۆبووەوە، و هێرش و پەلامارەكانی ئێرانیان بۆ سەر هەولێر تاوتوێكرد.
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆكی حكومەتی هەرێم لە راگەیانراوێكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: ئەمڕۆ چوارشەممە، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە داڤۆس، لەگەڵ ئیمانوێل ماكڕۆن سەرۆكی فەرەنسا كۆبووەوە.
ئاشكراشیكرد: تەوەرێكی سەرەكی كۆبوونەوەكە تایبەت بوو بە هێرش و پەلامارەكانی ئێران بۆ سەر هەولێر كە هەڕەشەیەكی ڕاستەقینەیە بۆ سەر هەرێمی كوردستان و پێشێلكارییەكی ئاشكرای سەروەری عێراق و هەرێمی كوردستانە. هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگیی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی عێراق و هەرێمی كوردستان.
هاوكات ماكڕۆن هاوخەمیی قووڵی خۆی بە سەرۆكی حكومەتی هەرێم گەیاند و پشتگیریی تەواوی وڵاتەكەی بۆ هەرێمی كوردستان دووپاتكردەوە.
لەبەرامبەردا سەرۆكی حكومەتی هەرێم سوپاسی ماكرۆن و فەرەنسای كرد بۆ هاوخەمیی و پشتیوانیی بەردەوامیان لە هەرێمی كوردستان كە لە قۆناخە جیاوازەكاندا، فەرەنسا هەمیشە پشتیوانیی لە گەلی كوردستان كردووە.
هەر لە راگەیەنراوەكەدا هاتووە، كە گرنگیی چارەسەركردنی كێشەكانی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵ بە شێوەیەكی بنەڕەتی و لەسەربنەمای دەستوور، تەوەرێكی دیكەی گفتوگۆكان بوو.