نێچیرڤان بارزانی بەشداریی پرسەی پێشڕەو دزەیی دەكات

سیاسی
  • 17-01-2024, 17:38
  • +A -A

    هەولێر - INA
    ئەمڕۆ چوارشەممە، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لە هەولێر بەشداری پرسەی خوالێخۆشبوو پێشڕەو دزەیی كرد.
    نوسینگەی راگەیادنی سەرۆكی هەرێم، لە راگەیەنراوێكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لە مزگەوتی سەواف لە هەولێر، بەشداری لە پرسەی خوالێخۆشبوو شەهید پێشڕەو دزەیی و كچە ساواكەیدا كرد كە لە هێرشی مووشەكی سوپای پاسدارانی ئێراندا بۆ سەر هەولێر، لەگەڵ چەند كەسێكی دیكەی سڤیل، پێری شەو شەهید بوون.
    ئاشكراشیكرد: نێچیرڤان بارزانی، سەرەخۆشی و هاوخەمیی قووڵی خۆی پێشكەش بە خانەوادە و كەسوكاری بەڕێزی خوالێخۆشبوو كرد و هیوای خواست خوای مەزن گیانیان بە بەزەیی و میهرەبانیی خۆی شاد بكات و ئارامی و دڵنەوایی بە خانەوادە و كەسوكاریان ببەخشێت.
    هەر لە راگەیەنراوەكەدا هاتووە، لای خۆیانەوە خانەوادە و كەسوكاری شەهید پێشڕەو دزەیی سوپاس و پێزانینی خۆیان بۆ بەشداری و هاوبەشیی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە خەم و پرسەكەیاندا دەربڕی.