بەغداد - INA
سەرۆك كۆمار عەبدوللەتیف جەمال رەشید، ئەمڕۆ چوارشەممە، تەئكیدیكردەوە: كە كاردانەوەی دۆخی غەززە كاریگەری نەرێنی لەسەر ئاسایش و سەقامگیری ناوچەكە هەیە.
سەرۆكایەتی كۆمار لە بەیاننامەیەكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: سەرۆك كۆمار عەبدوللەتیف جەمال رەشید پێشوازیكرد لە محەمەد رامی مارتینی وەزیری گەشتوگوزاری سوریا و وەفدی یاوەری، كە ئەحمەد فەكاك بەدرانی وەزیری رۆشنبیری و گەشتوگوزار و شوێنەواری عیراق ئامادەیبوو.
ئاشكراشیكرد: لە سەرەتای دیدارەكەدا، كە ئەمڕۆ چوارشەممە لە كۆشكی بەغداد بەڕێوەچوو، محەمەد رامی مارتینی سڵاوی بەشار ئەسەد سەرۆك كۆماری سوریای گەیاندە سەرۆك كۆمار، هاوكات سەرۆك كۆمار لەرێگەی وەزیرەوە سڵاو و پێزانینی خۆی نارد بۆ سەرۆك بەشار ئەسەد و هیواشی خواست گەلی سوریای برا لە ئاسایش و سەقامگیری و خۆشگوزەرانیدا بژی.
سەرۆك كۆمار ئاماژەی بەو پەیوەندییە بەهێزە كرد كە هەردوو وڵات و گەلی برا بەیەكەوە گرێدەدات، و جەختیشیكردەوە، لە گرنگی كاركردن بۆ بەهێزكردن و پەرەپێدانیان بەشێوەیەك، كە بەرژەوەندییە هاوبەشەكان بەدیبهێنێت.
هەروەها سەرۆك كۆمار رایگەیاند: عیراق و سوریا مێژو و شارستانیەتی هاوبەشیان هەیە و بەشداریانكردوە لە بەرەوپێشبردنی هاریكاری و ئاڵوگۆڕی پسپۆڕی بەتایبەتی لەبواری گەشتیاری و شوێنەوار و رۆشنبیری، كە میللەتان پێكەوە دەبەستێتەوە. هەروەك تەئكیدی لە گرنگی هاندانی دەرفەتی وەبەرهێنان و بوژاندنەوەی كەرتی تایبەتی لە پرۆژە هاوبەشەكانی بوارە جیاجیاكاندا كردەوە.
هەر لە دیدارەكەدا، سەرۆك كۆمار دووپاتیكردەوە: كە كلتور و چارەنوسمان هاوبەشن و روبەڕوی ئاستەنگی هاوبەش بوینەوە بەتایبەتی لەبەرەنگاربونەوەی تیرۆر و توندوتیژیدا، عیراق توانی ئەو قۆناغە تێپەڕێنێت و سەقامگیری ئەمنی لە شار و پارێزگاكاندا بچەسپێنێت، جەختیشیكردەوە: سەقامگیریی عیراق، سەقامیگری ناوچەكەیە.
هەروەك سەرۆك كۆمار باسی لە بارودۆخی فەلەستین و غەزە كرد و جەختی كردەوە لەسەر پێویستی راگرتنی هێرش و بۆردومانەكان بۆسەر خەڵكی سڤیل و ئاماژەی بەوەشكرد: كە لێكەوتەكانی بارودۆخی غەزە كاریگەری نەرێنی لەسەر ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەكە هەیە.
لەلای خۆیەوە وەزیری گەشتوگوزاری سوریا، جەختیكردەوە: لە قوڵی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵات و گرنگی بەهێزكردنیان لە بوارەكانی گەشتیاری و رۆشنبیری و ئاڵوگۆڕی ئەزموندا. ئاماژەی بەوەشدا، كە عیراق هاوبەشێكی سەرەكییە بۆ سوریا لە بواری گەشتیاریدا و هیوادارن هەماهەنگییەكی زیاتر لە نێوان هەردوو وڵاتدا بەدەستبهێنن.
هەروەها پێزانینی وڵاتەكەی دەربڕی بۆ هەڵوێستەكانی عیراق لە میوانداریكردنی سورییەكان و واڵاكردنی دەرگاكان و مامەڵەی میهرەبانانەی گەلی عیراق لەگەڵیاندا.