بەغدا - INA
ئەمڕۆ چوارشەممە، پەرلەمانی عەرەبی ئیدانەی هێرشی ئێرانی بۆ سەر شاری هەولێر لە باكوری عێراق كرد.
پەرلەمانی عەرەبی، لە راگەیندراوێكدا كە بەدەستی ئاژانسی هەواڵی عێراقی گەیشتووە ڕایگەیاندووە: بە توندترین شێوە ئیدانەی ئەو هێرشانە دەكەین كە ئێران بە بۆردومانی شوێنی نیشتەجێبوونی شاری هەولێر لە باكووری عێراق بە مووشەكی بالیستی ئەنجامیاندا، كە لە ئەنجامدا لە ژمارەیەك قوربانی بێتاوان و ژمارەیەك برینداری لێكەوتەوە.
جەختیشی كردەوە، "ئەم دەستدرێژییە ئێرانییە، كە ڕەچاوی سادەترین ڕێساكانی ڕێزگرتن لە دراوسێیەتی باشی نەكرد، پێشێلكارییەكی ئاشكرایە بۆ سەروەری كۆماری عێراق و ئاسایشی گەلە ئازیزەكەی، هەروەها دەستدرێژییەكی ئاشكرایە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی عەرەبی چونكە ئەو ئاسایش و سەقامگیری عێراق بەشێكی دانەبڕاوە لە ئاسایشی عەرەبی، جەختیشی لەوە كردەوە كە هێرشكردنە سەر عێراق هێرشێكە بۆ سەر نەتەوەی عەرەب.
پەرلەمانی عەرەبی هاوسۆزی تەواو لەگەڵ كۆماری عێراق لە هەموو ئەو ڕێوشوێنانەی كە دەیگرێتەبەر بۆ پاراستنی سەروەری و سەقامگیری و پاراستنی ئاسایشی هاووڵاتیانی،هەروەها سەرەخۆشی پێشكەش كەس وكاری قوربانیان كردوو هێوای چاكبوونەوەی بۆ بریندارەكان خواست.