ههولێرـ INA
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی ههرێمی كوردستان پێشوازی کرد لە مارک سترۆ، کونسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەرێم و پێکەوە تاوتوێی چەند بابەتێکی جێی بایەخی هەردوولایان کرد.
نووسینگهی راگهیاندنی جێگری سهرۆك وهزیرانی ههرێمی كوردستان لهراگهیهندراوێكدا كهبۆ ئاژانسی ههواڵی عێراقی ناردووه، راگهیاندووه" لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی سێ شەمە، ١٦ کانوونی دووەمی ٢٠٢٤ لە هەولێر بەڕێوەچوو، کونسوڵی گشتیی ئەمریکا هاوسۆزی و هاوخەمی وڵاتەکەی بۆ حکومەت و هاوڵاتییانی هەرێم دەربڕی لەپای هێرشەکەی شەوی رابردوو بۆ سەر شاری هەولێر.
لەوبارەیەوە، قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەدا کە؛ ناکرێت چیتر سەرەوەری خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان لەژێر هیچ پاساو و بیانوویەکدا پێشێل بکرێت. وتیشی: ئەم جۆرە هێرشانە سەقامگیری ناوچەکە دەخەنە مەترسییەوە و ئاڵۆزییەکان زیاتر دەکەن.
جێگری سەرۆک وەزیران لەگەڵ ئیدانەکردنی هێرشەکەش رایگەیاند؛ بۆ ئەوەی ئەم جۆرە هێرش و پێشێلکارییانە بە شێوەیەکی هەمیشەیی کۆتایی پێ بهێنرێت، پێویستە هێزە سیاسییەکانی کوردستان پێکەوە هەڵوێستێکی یەکگرتوویان هەبێت. داواشیکرد هەردوو حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ پێکەوە کاربکەن بۆ گرتنەبەری هەموو ڕێوشوێنێکی پێویست بۆ پاراستنی سەرەوەری خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەشدا؛ هەر وڵاتێکی دراوسێ نیگەرانییەکی هەیە پێویستە لەڕێگەی گفتوگۆ و بە شێوەیەکی ئاشتییانە کێشەکان چارەسەر بکرێن، نەک لە ڕێگەی شەڕ و بۆردومانکردنی خاکی هەرێم.