سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستان هێرشه‌كه‌ى سه‌ر هه‌ولێر سه‌ركۆنه‌ ده‌كات

سیاسی
  • 16-01-2024, 12:47
  • +A -A

    هه‌ولێرـ INA
    سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان هێرشه‌كه‌ی سه‌ر هه‌ولێر سه‌ركۆنه‌ و ئیدانه‌ ده‌كات.
    نووسینگه‌ی راگه‌یاندنی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌راگه‌یه‌ندراوێكدا كه‌بۆ ئاژانسی هه‌واڵی عێراقی ناردووه‌، راگه‌یاندووه‌"
    زۆر به‌ توندى سه‌ركۆنه‌ى‌ ئه‌و هێرشه‌ دوژمنكارييه‌ ده‌كه‌ين كه‌ سوپاى پاسدارانى ئێران شه‌وى ڕابردوو به‌ مووشه‌كى دوورهاوێژ كرديه‌ سه‌ر هه‌ولێر و له‌ ئه‌نجامدا ژماره‌يه‌ك هاووڵاتى شه‌هيد و بريندار بوون. سه‌ره‌خۆشى له‌ خانه‌واده‌ و كه‌سوكارى شه‌هيدان ده‌كه‌ين، هاوسۆز و هاوخه‌ميانين و هيواى زووچاكبوونه‌وه‌ بۆ برينداران ده‌خوازين.
    هه‌روه‌ها وتی" به‌رده‌واميى به‌ئامانجگرتنى هه‌رێمى كوردستان و شه‌هيدكردنى هاووڵاتييان، تاوانكارييه‌كى بێ پاساو و دژ به‌ ياسا نێوده‌وڵه‌تييه‌كان و دراوسێيه‌تى و به‌ها مرۆيييه‌كانه‌‌، هه‌روه‌ها پێشێلكردنێكى زه‌قى سه‌روه‌رى و ئارامى و سه‌قامگيريى عێراقه. هه‌رێمى كوردستان هه‌رگيز بۆ هيچ لايه‌نێك سه‌رچاوه‌ى هه‌ڕه‌شه‌ نه‌بووه‌ و نابێت.
    له‌كۆتایی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌" به‌هانه‌ى سوپاى پاسدارانى ئێران بۆ هێرشه‌كه‌ به‌ ته‌واوى بێ بنه‌ما و دووره‌ له‌ ڕاستييه‌وه‌، بۆيه‌ داوا له‌ حكوومه‌تى فيدراڵيى عێراق ده‌كه‌ين ڕاستييه‌كان بخاته‌روو، هه‌روه‌ها ئه‌ركى خۆى له‌ پاراستنى هه‌رێمى كوردستان به‌جێ بگه‌يه‌نێت و ڕێ له‌و هێرشانه‌ بگيرێت.